بازرگانیی عێراق بۆ رووداو: هەر فەرمانبەرێک کەمتر لە دوو ملیۆن مووچەکەی بێت بەشەخۆراکی نابڕدرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایدەگەیێنێت، هەر فەرمانبەرێک مووچەکەی لە دوو ملیۆن دینار کەمتر بێت، بەشەخۆراکی نابڕدرێت.
 
محەممەد حەنوون، گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەر فەرمانبەرێک مووچەکەی لە دوو ملیۆن دینار کەمتر بێت، بەشەخۆراکی نابڕێت، بەڵام بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، ئەگەر مووچەکەی لە سەرووی دوو ملیۆن دینار بێت بەشە خۆراکەکەی دەبڕێت.
 
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق گوتی، بەشەخۆراکی پزیشک، ئەندازیار، زیندانیان و ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن بڕاوە.
 
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی عێراق،ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە عێراق پێشتر هەر فەرمانێک مووچەکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار بە سەرەوە بووایە بەشە خۆراکەی دەبڕدرا، بەڵام دواتر دەستکاری ئەو بڕە کراوە و زیاد کراوە.
 
ئەندامەکەی لیژنەی ئابووریی کە خۆی یەکێک لەوانەی بەشەخۆراکەی بڕاوە دەڵێت، ئێستا ئەوەی مووچەکەی لە دوو ملیۆن دینار زیاتر بێت، بەشەخۆراکەکەی دەبڕێت.
 
سیستمی ئێستای دابە شکردنی خۆراک و بریکارەکان، لە ساڵی 1996ـەوە کاری پێدەکرێت.
 
بەشەخۆراکی مانگانە بۆ هەر کەسێک ئەمانەیە؛ 3 کیلۆ برنج، 9 کیلۆ ئارد، کیلۆیەک شەکر، لیترێک رۆنی شل و  نیو کیلۆ لە جۆرەکانی پاقلەمەنی، نیو کیلۆ دۆشاوی تەماتە.
 
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 5 ملیۆن و 354 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن. لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس.