پووختەی قازانجی دانا گاز لەچارەکی یەکەمی 2026 دا 74 ملیۆن دۆلار بووە

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی پێنجشەممە کۆمپانیای دانا گازی ئیماراتی راپۆرتی چارەکی یەکەمی 2026 بڵاوکردەوە. پوختەی قازانجی کۆمپانیاکە بەرێژەی 72٪ زیادیکردووە و 74 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی (  270 ملیۆن دەرهەمی ئیماراتی)  بووە بە بەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی رابردوو.
 
ئەم ئەنجامە باشە پاڵپشتیکراو بوو بە رێکخستنەوەیەکی ئەرێنیی یەکجارەکی بە بڕی 48 ملیۆن دۆلار  (176 ملیۆن درهەم)، کە پەیوەندی هەبوو بە یەکلاکردنەوەی جیاوازییەکانی پێوانەکردنی گاز (gas metering reconciliation) لە هەرێمی کوردستان.
 
بەپێی راپۆرتەکە لەو سێ مانگەدا داهاتی کۆمپانیاکە 145 ملیۆن دۆلار (531 ملیۆن درهەم) بووە، کە بەبەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو کۆی داهاتەکەی بەرێژەی 59٪ زیادیکردووە. 
 
بەپێی راپۆرتەکە لە هەرێمی کوردستان دوای تەواوبوونی پڕۆژەی فراوانکردنی (KM250)، کۆمپانیاکە سەرکەوتوو بووە لە نیشاندانی توانای سیستمەکە، بە جۆرێک بەرهەمهێنانی گاز لە مانگی کانوونی دووەمدا لە 700 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا تێپەڕی. ئەمەش بووە هۆی زیادکردنی 15 هەزار بەرمیلی دیکە بۆ بەرهەمی کۆمپانیاکە لە هەرێمی کوردستان و کۆی بەرهەمی گرووپەکەی گەیاندە 70 هەزار بەرمیل، کە بەرزترین ئاستە لە ساڵی 2018 ـەوە.
 
تێکڕای بەرهەمهێنانی گاز و جۆرەکانی بە هاوتای بەرهەمهێنانی نەوت لەو ماوەیەدا لە هەرێمی کوردستان و میسر رۆژانە 53 هەزار و 150 بەرمیل بووە.
 
 لەسەر ئاستی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان، تێکڕا 40.1 هەزار بەرمیل هاوتای نەوت بووە، کە بەهۆی کەمکردنەوەی توانای کارکردن لە کێڵگەی کۆرمۆر لە مانگی ئادار کەمێک کاریگەر بووە. هەروەها، بەرهەمهێنان لە میسر، بە رێژەی 4٪ زیادی کردووە و گەیشتووەتە 13 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، لە کۆتایی مانگی شوبات دا، کارەکان لە کێڵگەی کۆرمۆر بە شێوەیەکی کاتی راگیران و دواتر لە مانگی ئادار بە توانایەکی کەمتر دەستیان پێکردەوە، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە. سەرەڕای ئەم ئاڵنگارییانە، دانا گاز توانی ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی بپارێزێت و بەردەوام بێت لە دابینکردنی گاز بۆ کڕیاران.
 
ریچارد هۆڵ، بەڕێوەبەری گشتیی جێبەجێکاری دانا گاز لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدەدات، "جارێکی دیکە دانا گاز خۆڕاگری و توانای خۆی بۆ کارکردن لە ژینگەیەکی ئاڵۆزدا نیشان دایەوە. ئێمە توانیمان بە شێوەیەکی چالاکانە خۆمان لەگەڵ بارودۆخە سەختەکان بگونجێنین کە لە مانگی ئادارەوە دەستی پێکرد، لە هەمان کاتدا بەردەوام بووین لە دابینکردنی پێداویستییەکانی کڕیارەکانمان".
 
بەڕێوەبەری گشتیی دانا گاز ئاماژە بەوەیش دەدات، "هەنگاوی گرنگمان ناوە بۆ بەهێزکردنی پێگەی دارایی و وەرگرتنی تەواوی شایستە داراییە دواکەوتووەکانمان لە میسر."
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، دانا گاز و هاوبەشەکانی بەردەوامن لە پەرەپێدانی پڕۆژەی چەمچەماڵ بە بەرنامەیەکی وەبەرهێنان کە بڕەکەی 160 ملیۆن دۆلارە. بۆ دڵنیابوونی خواست لەسەر کێڵگەکە، لە مانگی کانوونی دووەمی 2026دا چەندین گرێبەستی فرۆشتنی گاز واژۆ کران بۆ دابینکردنی 142 ملیۆن پێ سێجا گاز بۆ کڕیارە پیشەسازییەکان.