گۆڕان لە بەهای دراوەکاندا روویدا؛ دینار و تمەن بەرزبوونەوە

رووداو دیجیتاڵ

بەراورد بە دوێنێ، بەهای دینار و تمەن بەرزبووەوە. ئاڵوگۆڕکارێکی دراو دەڵێت، دەنگۆی کۆبوونەوەی ئەمریکا و ئێران گۆڕانی لە بەهای دراودا دروستکردووە.
 
رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ 100 دۆلار بە 145 هەزار دینارە".
 
بەهۆی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دوێنێ 100 دۆلار لە کەمتر لە 143 هەزار دینارەوە گەیشتە زیاتر لە 146 هەزار دینار.
 
دوێنێ 100 دۆلار بە شێوەی نەختی بە 8 ملیۆن و 500 هەزار تمەن بوو، ئەمڕۆ بەهای تمەن بەرزبووەتەوە و 100 دۆلار بە 8 ملیۆن و 300 هەزار تمەنە.
 
رەوەز میرزا گوتی: "دەنگۆ هەیە سبەی کۆبوونەوەی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ پرسی ئەتۆمی بەڕێوەدەچێت، تەنیا هۆکاریش هەر ئەوەیە کەمێک بەهای دینار و تمەن بەرزبوونەتەوە".
 
هەر ئەمڕۆ یەک ملیۆن لیرەی سووریا بەرامبەر 156 هەزار دیناری عێراقییە، لەکاتێکدا دوێنێ بە 108 دۆلار و رۆژی پێشووتر 114 دۆلار بوو.
 
هاوکات 100 دۆلار بەرامبەر 3922 لیرەی تورکیایە.