بیتکۆین لە یەک هەفتەدا زیاتر لە 11 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بۆ یەکەم جار لە مێژوویدا، نرخی دراوی دیجیتاڵیی بیتکۆین 121 هەزار دۆلاری تێپەڕاند.
ئەمڕۆ نرخی بیتکۆین هەزار و 970 دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 121 هەزار و 96 دۆلار. ئەمە ئاستێکی پێوانەیی نوێیە و بەرزترین نرخە تۆمارکرابێت.
ئەم بەرزترین نرخە دوای زنجیرەیەک رێکۆردی دیکە دێت کە هەفتەی رابردوو تۆمارکران، هۆکارەکەشی بۆ زیادبوونی خواست لەسەر بیتکۆین لە رێگەی سندووقەکانی وەبەرهێنان و روونیی زیاتر لە یاسا و رێنماییەکاندا دەگەڕێتەوە.
لە یەک هەفتەی رابردوودا نرخی بیتکۆین زیاتر لە 11 هەزار دۆلار بەرزبووەتەوە. دووشەممەی رابردوو بە 109 هەزار و 200 دۆلار بوو.
هاوکات لە ئەمڕۆوە تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، "هەفتەی دراوە دیجیتاڵییەکان" دەستپێدەکات کە تێیدا بڕیارە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا چەندین پڕۆژەیاسای گرنگی تایبەت بە کریپتۆ تاوتوێ بکات، لەوانەش:
- پڕۆژەیاسای زیرەکی: تایبەتە بە دراوە دیجیتاڵییە سەقامگیرەکان [ستەیبڵ کۆینەکان] و لە ئەنجوومەنی نوێنەرانە.
- پڕۆژەیاسای روونکردنەوە: ئامانج لێی دیاریکردنی رۆڵی لیژنەی ئاڵوگۆڕی بازاڕە داراییەکانە لە مامەڵەکانی دراوە دیجیتاڵییەکان.
- پڕۆژەیاسای هەڵگرتنی چاودێریی دەوڵەت لەسەر دراوی دیجیتاڵی: مەبەست لێی رێگەگرتنە لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە دروستکردنی دراوی دیجیتاڵی.
ئەگەر هەر یاسایەک پەسەند بکرێت، چوارچێوەیەکی رێکخستنی گشتگیر بۆ دراوە دیجیتاڵییە سەقامگیرەکان [ستەیبڵ کۆینەکان]، چۆنیەتیی هەڵگرتنی سەروەت و سامانی دیجیتاڵی و تەواوی سیستمی دارایی دیجیتاڵی دادەمەزرێنن.
هاوکات، خواستی دامەزراوە گەورەکان لەسەر بیتکۆین بەردەوامە. سندووقەکانی وەبەرهێنانی بیتکۆین لە ئەمریکا رێژەیەکی پێوانەییان لە کڕین تۆمارکردووە و کۆمپانیا گەورەکانی دراوە دیجیتاڵییەکان، وەک "بلاکڕۆک" و "فیدێلیتی" بەردەوامن لە زیادکردنی سامانەکانیان لە دراوە دیجیتاڵییەکان.
کاریگەریی ئەم هەڵکشانە لەسەر پشکی کۆمپانیاکانی دراوە دیجیتاڵیەکانیش رەنگیداوەتەوە. پشکی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنانی کانزای دیجیتاڵی و ئەوانەی پەیوەستن بە سندووقەکانی وەبەرهێنانەوە و لە هەفتەی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینی.