دانوستاندنی بەغدا و هەولێر؛ گەرەنتیی دەستکارینەکردنی گرێبەستەکانی نەوت وەرگیراوە

 
رووداو دیجیتاڵ

گەرەنتیی دەستکارینەکردنی گرێبەستی کۆمپانیاکانی نەوت لە بەغدا وەرگیراوە و پێشنیاز کراوە لیژنەیەک بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت پێکبهێندرێت. لایەنەکان چاوەڕێی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگین، بۆئەوەی نزیکبوونەوەی هەردوولا بۆ رێککەوتن لەبارەی نەوت و مووچە یەکلایی بکرێتەوە.
 
بۆچوونى دوو وەزیر وەرگیراوە
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لیژنە وەزارییەکەى حکومەتى فیدراڵى بۆ یەکخستنى پاکێجى داواکارییەکانى بەغدا و هەولێر لەبارەى نەوت و مووچە، بۆچوونى حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوت و تەیف سامى، وەزیرى دارایی فیدراڵى لەبارەى ئەو پرسەوە وەرگرتووە.
 
پێشنیاز کراوە لیژنەیەکی هاوبەش لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکبهێندرێت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، ئەوەش دوای رێککەوتنی هەردوولا.
 
لیژنەکە 8ی تەممووز بە بەشداریی 5 وەزیر و بە سەرۆکایەتیی محەممەد تەمیم، وەزیری پلاندانان پێکهێندرا و رۆژی دواتر یەکەم کۆبوونەوەی کرد و رایگەیاند، "لیژنەکە جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ تەکنیکی و کارگێڕییەکان کردەوە."
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە رووداوی گوت، "بە فەرمی، تەنیا ئەو کۆبوونەوەیەی لیژنەکە کراوە. ئەمڕۆ دووشەممە پێناچێت کۆبوونەوەی دیکە بکرێت، لەبەر ئەوەی وەزیری پلاندان بەشداری لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ئابووری دەکات."
 
گەرەنتی بە کۆمپانیاکانی نەوت دراوە
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان کراوە لەبارەی داواکارییەکانیان بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت.
 
لە کۆبوونەوەکەدا هەندێک گەرەنتی بە کۆمپانیاکان دراوە.
 
بەرپرسی یەکێک لە کۆمپانیاکانی نەوت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "گەرەنتی دراوە ئەو کۆمپانیا راوێژکارییەی خەمڵاندن بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەکات، گۆڕانکاری لە گرێبەستەکاندا نەکات لەو ماوەیەی کاردەکات."
 
کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوت لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە کۆمپانیایەکی بەریتانی بەناوی وود ماکێنزی (Wood Mackenzie) نرخی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دیاری بکات، بە شێوەیەک کە بۆ هەر کێڵگەیەک بەجیا هەڵسەنگاندن بۆ ئەو تێچووە دەکرێت.
 
لەو کۆبوونەوەیەدا، کۆمپانیاکانی نەوت جارێکی دیکە تێبینیان پێشکێش کردووە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە دیاریکردنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لەسەر بنەمای رێژەی قازانج، نەوەک نرخی جێگیر.
 
کاری ئەو کۆمپانیایە بەگوێرەی هەمواری یاسای بودجەی گشتی دەبێت کە 17ی شوباتی 2024 پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر دا.
 
بە گوێرەی هەموارەکە، عێراق و هەرێمی کوردستان 60 رۆژیان لەبەردەمە بۆ رێککەوتن لەسەر دەستنیشانکردنی کۆمپانیاکە، تاوەکو ئەو کاتەش کە کۆمپانیاکە خەمڵاندن بۆ نرخی تێچووی دەرهێنانی نەوت دەکات، دەبێت حکومەتی عێراق 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک وەک تێچوو بداتە کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان.
 
چاوەڕێی کۆبوونەوەیەک دەکرێت
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، بەغدا و هەولێر، تەنانەت لیژنەکە وەزارییەکەی عێراقیش، چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگین کە چاوەڕوان دەکرێ ئەمشەو بکرێت.
 
بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رەوشی دانوستاندنەکان، ئەو کۆبوونەوەیە یەکلاییکەرەوە دەبێت لە پرسی چارەسەری ناکۆکییەکان لەبارەی نەوت و مووچە.
 
محەممەد مەهدی بەیاتی، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی ڕێکخراوی بەدر، کە رێکخراوەکەی یەکێکە لە پێکهێنەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بە رووداوی گوت: "تێڕوانینی چوارچێوەی هاوئاهەنگی وایە کە ئەو کێشەیە بەگوێرەی دەستوور و یاسای بودجە چارەسەر بکرێت، کە بنەماکەی ئەوەیە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بێت."
 
بەگوێرەى  یاسای بودجەى گشتى عێراق، پێویستە هەرێمى کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات بۆ ئەوەى لەبەرامبەردا حکومەتى فیدراڵى شایستە داراییەکانى بنێرێت.
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی رۆژانی دووشەممە و چوارشەممە کۆبوونەوەی خولیی خۆیان دەکەن، ماوەی سێ هەفتەیە بەهۆی رێوڕەسمی عاشوورا ئەو کۆبوونەوانەیان نەکردووە.
 
یەکێک لە سەرکردەی لایەنە پێکهێنەرەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بە رووداوی گوت، "ئەو ناکۆکییانەی نێوان هەولێر و بەغدا، لەنێو سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی خراوەتەڕوو، بەوەی رۆڵ ببینن لە نزیککردنەوەی بۆچوونەکان، نەوەک بڕیاردانی کۆتایی لەسەر رێککەوتنەکە. بۆ کۆبوونەوەی ئەمشەویش، ئەمیندارێتیی گشتیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بانگهێشتی کردووە و ئەگەر زۆرینەی سەرکردەکان ئامادە بن، کۆبوونەوەکە دەکرێت."