نرخی بیتکۆین بۆ یەکەم جار 124 هەزار دۆلاری تێپەڕاند
رووداو دیجیتاڵ
بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین بەردەوامە و ئاستی 124 هەزار دۆلاریشی شکاند.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی هەر بیتکۆینێک نزیکەی هەزار دۆلار بەرزبووەوە و گەیشتە 124 هەزار و 256 دۆلار. دواتر بۆ خوار ئەو ئاستە دابەزییەوە.
ئەمە بەرزترین ئاستی نرخی بیتکۆینە لە مێژووی مامەڵەکاندا تۆمارکرابێت. ئێستا هەر بیتکۆینێک بە 123 هەزار و 546 دۆلارە.
پێشتر لە نێوەڕاستی مانگی تەممووزدا نرخی بیتکۆین گەیشتبووە نزیکەی 123 هەزار دۆلار.
لە یەک هەفتەی رابردووشدا نرخی هەر بیتکۆینێک 6 هەزار دۆلار گرانبووە.
چاوەڕوانی و گەشبینییەکان بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە ئەمریکا لە مانگی داهاتوودا، هۆکارێکی سەرەکییە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی بیتکۆین.
هۆکارێکی دیکەی سەرەکیی ئەم بەرزبوونەوەیە، زیادبوونی کڕینی دراوەکەیە لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانەوە لە هەفتەکانی رابردوودا.
بیتکۆین لە هەفتەی رابردووەوە لە بەرزبوونەوەیەکی بەردەوامدایە، ئەمەش بەتایبەتی دوای داتاکانی ئەمریکا هات کە بێکاری زیادبووە و هەڵاوسان وەک خۆی ماوەتەوە و بەرزنەبووەتەوە.