گەنەل ئێنێرجی: تاوكێ لەسەر زەریایەكی نەوت راوەستاوە

رووداو- بلومبێرگ

هاوكات لەگەڵ نزیكبوونەوە لە تەواوبوونی هێڵی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا، چاڵێكی نەوت لە كێڵگەی تاوكێ، كە لەلایەن كۆمپانیای DNO و گەنەل ئێنێرجی پەرەی پێدەدرێت، خەریكە بەرامبەر بە پێشبینییەكان نەوت بەرهەمدەهێنێت.

لە راگەیەندراوێكدا، كە كۆمپانیای DNO لە ئۆسلۆ بڵاویكردووەتەوە، هاتووە، پاش لێدانی چاڵی ئاسۆیی تاوكێ-23، رۆژانە لەو چاڵە 32 هەزار و 500 بەرمیل نەوت بەرهەم هاتووە.

سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای DNO، بیژەن موسەوەر رەحمانی رایگەیاندووە، كارایی هەر دوو چاڵی تاوكێ-20 و تاوكێ-23 وای لە كۆمپانیاكەمان كرد، روانگە و چاوەڕوانی خۆی بۆ كێڵگەی تاوكێ بگۆرێت.

رەحمانی روونیكردەوە، بە هەرپێوەرێك حیسابی دەكەین خەریكە هەست دەكەین ئەو دوو چاڵە لەسەر دەریایەك لە نەوت شوێنیان گرتووە.

پاش چەندین ساڵ ناكۆكی و كێشە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی عێراق لەسەر پێدانی پارەی كۆمپانیاكانی نەوت، هەرێمی كوردستان خەریكی تەواوكردنی هێڵی هەناردەی نەوتی خۆیەتی بۆ توركیا.

ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتیەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، تاوەکو ساڵی 2015، هەرێمی کوردەستان دەتوانێ یەك ملیۆن بەرمیل و تاوەکو ساڵی 2019 ەش 2 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو هەناردەبكات.

پشكەكانی DNO، لەسەدا 5.1 بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ساڵی 2006 بەدواوە، هەروەها پشكەكانی كۆمپانیای گەنەل لە بۆرسەی لەندەن بەرێژەی لەسەدا 0.9 بەرزبووەتەوە.

كۆمپانیای DNO لە كێڵگەی تاوكێ لەسەدا 55 ی پشكەكانی هەیە و كۆمپانیای گەنەلیش لەسەدا 25 و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لەسەدا 20 ی پشكەكانی لە ئەستۆدایە.