زێڕ بەردەوامە لە بەرزبوونەوە؛ یەک مسقاڵی عەیار 21 گەیشتە 850 هەزار دینار


رووداو دیجیتاڵ

لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان زێڕ بەردەوامە لە تۆمارکردنی نرخی پێوانەیی و ئەمڕۆ مسقاڵێکی عەیار 21 بە 850 هەزار دینارە.
 
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 22 ئەمڕۆ بە 890 هەزار دینارە و عەیاری 18 بە 728 هەزار دینارە".
 
دوێنێ نرخی یەک مسقاڵ زێڕی عەیار 21 بە 833 هەزار، عەیار 22 بە 873 هەزار دینار و عەیاری 18 بە 715 هەزار دینار بوو.
 
عەبدوڵڵا ئەکرەم گوتی، ئەو نرخە لە سەر بنەمای نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە 4 هەزار و 102 دۆلار لە بازارەکانی جیهان دانراوە.
 
ئەمڕۆ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا 4 هەزار و 174 دۆلاری تێپەڕاند و دواتر کەمێک دابەزی، لە کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵەدا (کاژێر 10:30ـی)بەیانی، ئۆنسەیەک بە 4 هەزار و 120 دۆلارە.
 
گرژییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین و چاوەڕوانییەکان بۆ کەمکردنەوەی سوودی بانکی لە ئەمریکا، بەهۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ هەژمار دەکرێن.
 
فیلیپ سترایبڵ، سەرۆکی بەشی ستراتیجی لە کۆمپانیای راوێژکاریی (بلوو لاین فیوچەرز) لەو بارەیەوە رایگەیاند: "زێڕ دەتوانێت بە ئاسانی بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوەی. دەتوانین ببینین کە نرخەکەی تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 دەگاتە سەرووی 5,000 دۆلار."
 
سترایبڵ جەختی لەوە کردەوە کڕینی بەردەوامی بانکە ناوەندییەکان و هاتنی بەردەوامی سەرمایە بۆ نێو سندووقەکانی وەبەرهێنانی زێڕ کە بە (ئی تی ئێف)ـەکان ناسراون، دوای تەشەنەکردنی ناکۆکییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و چین و ئەگەری کەمکردنەوەی زیاتری سوودی بانکی لە ئەمریکا، نرخی زێڕی گەیاندووەتە ئەم ئاستە مێژووییە.