یەکێتیی ئەورووپا ئامادەکاری بۆ پاکێجی 20ـەمی سزاکانی سەر رووسیا دەکات

 
رووداو دیجیتاڵ

یەکێتیی ئەورووپا دەستی بە کارکردن لەسەر پاکێجێکی نوێی سزا دژی رووسیا کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئاژانسی ئاماری رووسیا دەڵێت، گەشەی ئابووریی وڵاتەکە لە چارەکی سێیەمدا لە سفرەوە نزیکە.
 
رۆژی هەینی 14-11-2025 کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بۆریس پیستۆریۆس، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا و هاوتاکانی لە بەرلین، دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی بۆ سەپاندنی پاکێجی 20ـەمی سزاکانی سەر رووسیا راگەیاند.
 
کالاس گوتی، "ئەو کەسانە شەڕ دەدۆڕێنن کە پارە یان سەربازیان زووتر تەواو دەبێت. هەربۆیە پێویستە لە گوشارخستنە سەر رووسیا لە رێگەی سزاکانەوە بەردەوام بین."
 
بەرپرسە باڵاکەی یەکێتیی ئەورووپا ستایشی دوایین سزاکانی حکومەتی ئەمریکای بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ کرد کە بەسەر کۆمپانیاکانی نەوتی رووسیادا سەپاندوونی و رایگەیاند، "سزاکان باشتر کاردەکەن، کاتێک لەلایەن هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانەوە تەواو دەکرێن."
 
هاوکات فرێدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەرلین لەگەڵ نیکۆس کریستۆدۆلیدیس، سەرۆکی قوبرس گوتی، "لە یەکێتیی ئەورووپادا ئامادەکاری بۆ پاکێجێکی دیکەی سزا دەکەین بۆ هەفتەکانی داهاتوو. سست نابین لە هێشتنەوە و تەنانەت زیادکردنی گوشارەکانمان لەسەر رووسیا."
 
پاکێجی داهاتووی سزاکانی یەکێتیی ئەورووپا دژی رووسیا 20ـەمین پاکێج دەبێت. 19ـیەمین پاکێج لە مانگی تشرینی یەکەمدا چووە واری جێبەجێکردنەوە. هاوشێوەی سزاکانی ئەمریکا، ئامانج لێی کەمکردنەوەی زیاتری داهاتی رووسیایە لە فرۆشتنی گاز و نەوت.
 
قەدەخەی تەواو لەسەر هاوردەکردنی گازی سرووشتیی شلکراو (LNG) لە رووسیاوە لە ساڵی 2027ـەوە جێبەجێ دەکرێت، هەروەها سزای زیاتر لە کەرتی داراییدا جێبەجێ دەکرێت و جووڵەی دیپلۆماتە رووسییەکانیش لەنێو یەکێتیی ئەورووپادا سنووردار دەکرێت.
 
دیپلۆماتەکانی برۆکسل دەڵێن، ئەگەری هەیە لە پاکێجی 20ـەمی سزاکاندا کۆمپانیاکانی وزەی رووسیا و کەشتییەکانی بکرێنە ئامانج. بە گوتەی دیپلۆماتە ئەوروپییەکان، مۆسکۆ ئەم کەشتییانە بەکاردەهێنێت بۆ خۆدزینەوە لەو نرخە دیاریکراوەی کە لەلایەن رۆژئاواوە لەسەر نەوتی رووسیا دانراوە.
 
کاریگەری لەسەر ئابووریی رووسیا
 
هاوکات، رۆژی هەینی ئاژانسی ئاماری رووسیا (رۆسستات) رایگەیاند: "کۆی بەرهەمی نێوخۆیی لە چارەکی سێیەمی 2025ـدا 100.6% بووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2024"، واتە گەشەی ئابووری تەنیا 0.6% بووە.
 
هەرچەندە خەرجییە زەبەلاحەکانی بواری سەربازی لە سەرەتادا بۆ دوو ساڵ پشتیوانیی لە ئابووریی رووسیا کرد، بەڵام بووەهۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان کە ئێستا کێشەی بۆ گەشە دروست کردووە. رێژەی هەڵاوسان هێشتا لە نزیکەی 8%ـە و وایکردووە بانکی ناوەندیی رووسیا سوودی بانکی بە بەرزی بهێڵێتەوە.
 
ئەمەش بودجەی گشتیی رووسیای خستووەتە ژێر گوشارەوە. وەزارەتی دارایی رووسیا پێشنیازی کردووە باج لە ساڵی داهاتووەوە لە 20%ـەوە بۆ 22% بەرزبکرێتەوە.
 
مانگی رابردوو، ئەمریکا هەندێک لە تووندترین سزاکانی بەسەر کەرتی وزەی رووسیادا سەپاند و سزای خستە سەر دوو گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتەکەی، رۆسنەفت و لوکئۆیڵ.