وەزیری وزەی تورکیا: دوای شرنەخ، نۆرەی وەبەرهێنانە لە نەوتی دیاربەکر
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا دەڵێت، کێڵگەی گابار شرنەخی کردووەتە ئەو پارێزگایەی زۆرترین نەوتی لێ بەرهەمدەهێندرێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، نۆرەی ئامەدیش دێت.
ئالپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا لە گوتەیەکدا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سەرنجی خستە سەر هەوڵەکانی تایبەت بە دەرهێنانی نەوت لە باکووری کوردستان و گوتی، گەورەترین یەدەگی نەوتیان لە مێژووی تورکیادا لە ناوچەی گاباری شرنەخ دۆزیوەتەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ لە گابار بەرهەمهێنانی رۆژانە 81 هەزار بەرمیلی تێپەڕاندووە.
وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، سەرکەوتنی ئەزموونی کێڵگەی نەوتی گابار تەنیا لە رووی بەرهەمهێنانەوە نییە، بەڵکو لە چوارچێوەی کارەکانی کێڵگەکەدا هەلی کاریان بۆ زیاتر لە 3 هەزار و 500 گەنج رەخساندووە کە زۆربەیان خەڵکی شرنەخن.
ئالپئارسلان بایراکتار گوتی، "بەشدارییەکی گەورەمان لە دامەزراندنی خەڵکی ناوچەکەدا کردووە. پێموایە بەو پڕۆژەیەی لە گابارێکی بێ تیرۆر جێبەجێمان کرد، نموونەیەکمان پیشانی گەلە خۆشەویستەکەمان دا کە تورکیایەکی بێ تیرۆر چەندین دەرفەتی ناوازەی لەگەڵ خۆی دەهێنێت."
بایراکتار لەبارەی ئامەدیش گوتی، "لەو کارانەی لە ئامەد دەیانکەین، پێمانوایە یەدەگێکی بەرچاو لە نەوتی خاو هەیە کە دەکرێ لە رێگەی لێدانی بیرەوە نەوتەکە دەربهێندرێ. کێڵگەی گابار شرنەخی کردووەتە ئەو پارێزگایەی زۆرترین نەوتی لێ بەرهەمدەهێندرێ. بەم شێوازە نوێیەی بەرهەمهێنان، نۆرەی دیاربەکریش دێت."
28ی حوزەیرانی 2025، وەزارەتی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، لە ماڵپەڕی فەرمیدا چالاکییەکانی دۆزینەوەی یەدەگی نەوتی لە چەند ناوچەیەکی باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە.
وەزارەتەکە رایگەیاند، لە 5 مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 41 ملیۆن بەرمیل یەدەگی نەوتی خاویان دۆزیوەتەوە، 23.8 ملیۆن بەرمیل نەوت تەنیا لە سنووری ئامەد بووە کە 58٪ی کۆی یەدەگی نەوتە دۆزراوەکە پێک دەهێنێت.
هەر سەبارەت بە ئامەد، وەزارەتەکە رایگەیاند، 307 بیری نەوتی کارا هەن و رۆژانە 16 هەزار و 400 بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێندرێ و ئامانجیان ئەوەیە تا کۆتایی ساڵ رۆژانە بڕەکە بگەیێننە 20 هەزار بەرمیل.