بازرگانێکی زێڕ و زیو: زیوی مەڕمەڕە مەکڕن
رووداو دیجیتاڵ
بازرگانێکی زێڕ و زیو دەڵێت، ئێستا زیو لە قۆناخێکی هەستیاردایە. هۆشداریش لە کڕینی جۆرێکی لە هەرێمی کوردستان دەدات و دەڵێت، لەکاتی کڕین پارەیەکی زیاتر وەردەگیرێت بەبێ ئەوەی لەکاتی فرۆشتنەوە ئەو جیاوازییە لەبەرچاو بگیرێت.
لە یەک هەفتەی رابردوودا ئۆنسەیەک زیو نزیکەی 15 دۆلار، یاخود 16٪ بەرزبووەتەوە.
پێش هەفتەیەک، نرخی ئۆنسەیەک زیو 75 دۆلار بوو. ئەمڕۆ هەر ئۆنسەیەک بە زیاتر لە 89 دۆلارە. ئێوارەی دوێنێ زیو ئاستی 93.40 دۆلاریشی تۆمارکرد کە بەرزترین نرخی مێژوو بووە.
ئێستا کیلۆیەک زیو بە 2,862 دۆلارە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان گرانترە و نرخی کیلۆیەک دەگاتە زیاتر لە سێ هەزار دۆلار و بەپێی جۆرەکانی دەگۆڕێت.
حاجی سەعد جەلال، خاوەنی کۆمپانیای بازرگانیی زێڕ و زیو دەڵێت، خێرایی گۆڕانکارییەکان لە بازاڕی زیودا تەنانەت دەرفەت بە زێڕنگرانیش نادات نرخەکان نوێ بکەنەوە.
ئەو دەڵێت، "دوێنێ شەو نرخی ئۆنسەیەک زیو زیاتر لە 93 دۆلار بوو، بەڵام ئێستا دابەزیوە بۆ 89 دۆلار. دابەزینی 4 دۆلار لە ئۆنسەیەکدا زۆرە و بە رێژەی زیاتر لە 5% دەکات."
پێش هەفتەیەک نرخەکە لە 80 دۆلارەوە بۆ 75 دۆلار دابەزیبوو، حاجی سەعد دەڵێت، ئەمە دەریدەخات کە زیو ئێستا لە قۆناخێکی زۆر هەستیاردایە.
بە گوتەی ئەو خاوەن کۆمپانیایە، چەندین جۆری جیاوازی زیو لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان مامەڵەیان پێوەدەکرێت، وەک مەڕمەڕە، پاڵم، بەغدادی، و ئینتەرناشناڵ.
حاجی سەعد کە شارەزای زێڕ و زیویشە گوتی، ئەو زیوانەی بە قاڵبی گەورەی 30 بۆ 40 کیلۆیین، لە چینەوە هاوردە دەکرێن. دواتر لە کارگەکانی دوبەی بەپێی خواستی بازرگانەکان دەکرێنە قاڵبی بچووکتر. گوتیشی، مارکە و جۆرەکانی زیو لە بازاڕەکانی نێوخۆ"لە رووی کوالێتییەوە هیچ جیاوازییەکیان نییە، بەڵام نرخەکانیان جیاوازە.
حاجی سەعد جەلال هۆشداریی دەدات لەوەی کە خەڵک بەدوای ناوی "مەڕمەڕە"دا نەچن تەنیا لەبەر ئەوەی براندێکی ناسراوە.
هۆکارەکەشی بۆ ئەمانەی خوارەوە دەگەڕێنێتەوە:
• لە کاتی کڕین زیوی مەڕمەڕە نزیکەی 150 دۆلار گرانترە لە زیوی ئینتەرناشناڵ یان جۆرەکانی دیکە.
• کاتێک هاونیشتمانییەک دەچێتەوە بۆ فرۆشتنی، بازاڕ تەنیا 20 دۆلار جیاوازی بۆ دادەنێت بەراورد بە جۆرە هەرزانەکە.
بە گوتەی حاجی سەعد، "ئەمە جۆرێکە لە قۆڵبڕینی کڕیار، چونکە لە کاتی کڕیندا 150 دۆلاری زیادە دەدات، بەڵام کاتێک دەیفرۆشێتەوە ئەو پارەیەی بۆ ناگەڕێتەوە و تەنیا زیان دەکات."
خاوەن کۆمپانیاکە ئاماژە بەوەشدەدات، هەموو ئەو زیوانەی دەگەنە هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن کۆنتڕۆڵی جۆرییەوە پشکنینی وردیان بۆ دەکرێت و هیچ زیوێکی خراپ یان کەم-عەیار رێگەی پێ نادرێت بێتە ناو بازاڕەوە.
لەبارەی ئەو کەسانەش کە زیوی ورد (100 گرام یان یەک ئۆنسە) دەکرن، حاجی سەعد جەلال دەڵێت، "ئەو زیوانەی لەناو بەرگی نایلۆن و کارتۆندان، حەقدەستێکی زۆریان دەچێتە سەر". بۆیە پێویست ناکات نایلۆنەکە بکەنەوە کاتێک بۆ قازانج دەیکڕن، چونکە نرخەکەی جیاوازە کاتێک نایلۆنەکەی دەکرێتەوە و وادەکات قازانجەکەی کەمبێتەوە.