شەڕی ئێران بەهای کەرتی خانووبەرەی دووبەی بە رێژەی 30% دادەبەزێنێت
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی شەڕی ئێران و هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەکان و دامەزراوە نەوتی و پیشەسازییەکانی ئیمارات، بازاڕی بۆرسەی دووبەی کە بە بازاڕی دارایی دووبەی ناسراوە، هەموو قازانجەکانی ئەم ساڵی لەدەستدا.
پێنوێنیی خانووبەرەی بۆرسەی دووبەی لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بەڕێژەی 30٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
لە دوای بۆردوومان و هێرشەکانی سەر ئیمارات، وەبەرهێنەر و بازرگانان پارە و سامانەکانیان لەو وڵاتە دەکشێننەوە.
هەڵگیرسانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کاریگەرییەکی گەورەی کردووەتە سەر بازاڕە داراییەکانی ناوچەکە. یەکێک لە دیارترین ئاماژەکان، دابەزینی توندی پێنوینی کەرتی خانووبەرەی دووبەیە.
بە گوێرەی داتاکانی بازرگانی لە بۆرسەی دووبەی، پێنوێنی کەرتی خانووبەرە لە بازاڕی دارایی دووبەی لە ماوەی دوو هەفتەدا بەڕێژەی نزیکەی 30% دابەزیوە، بەچەشنێک لە 16.8 هەزار خاڵەوە بۆ نزیکەی 11.7 هەزار خاڵ دابەزیوە.
بەوپێیەش بازاڕەکە بە کردەیی هەموو ئەو قازانجانەی لەدەستدا کە لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە بەدەستی هێنابوو. ئەم دابەزینە بە یەکێک لە گەورەترین دابەزینەکان لە چەند ساڵی رابردوودا دادەنرێت و هاوکاتە لەگەڵ تێکچوونی تووندی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە دوای هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل.
تەنانەت لە سەرەتای ساڵی 2026ـیشدا، بازاڕی خانووبەرەی دووبەی ئاستی پێوانەیی لە گەشەکردن تۆمارکردبوو. لە ساڵی 2024دا، پێنوێنی خانووبەرە بەڕێژەی نزیکەی 63% گەشەی کرد، لە ساڵی 2025ـیشدا 30%ی دیکە چووە سەر بەهاکەی. لە سەرەتای ساڵی 2026دا ئەو ئاڕاستە ئەرێنییە بەردەوام بوو؛ تەنیا لە مانگەکانی یەکەم و دووەمی ئەمساڵدا، پێنوێنی خانووبەرەی دوبەی بەڕێژەی 20% بۆ 21%ی دیکە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی.
ئەم گەشەکردنە بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕایەوە؛ دووبەی دوای پەتای کۆرۆنا و لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی رووسیا دژی ئۆکرانیا، ببووە یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی جیهان بۆ وەبەرهێنان. وەبەرهێنەرانی ئەورووپا، ئاسیا و وڵاتانی سۆڤیەتی کۆن روویان لەو شارە کردبووەوە.