سەرۆکی گشتیی گومرگی ئێران: 6 ملیۆن تۆن کاڵا لە بەندەرەکانە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی گشتیی گومرگی ئێران دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان لەبارەی دابینکردنی کاڵا سەرەکییەکان و رایدەگەیێنێت، ئێستا 6 ملیۆن تۆن کاڵا لە بەندەر و گومرگەکاندان و رێکارەکانی دابەزاندنیان بۆ دەکرێت.
 
فرود عەسکەری، سەرۆکی گشتیی گومرگی ئێران لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "6 ملیۆن تۆن کاڵا لە بەندەرەکاندایە و دادەگیرێن، یان لە 13 گومرگی وڵاتدا هەن، بۆیە پێویست ناکات هاووڵاتییان نیگەرانی دابینکردنی کاڵا سەرەکییەکان بن."
 
سەبارەت بە جۆری ئەو کاڵایانە، سەرۆکی گشتیی گومرگ ئاماژەی بەوە کرد، بریتین لە، "گەنم، برنج، چا، ئالیکی ئاژەڵ، رۆن، زەیت و سۆیا."
 
سەرۆکی گشتیی گومرگ ئاشکرای کرد، رۆژانە لەنێوان 80 بۆ 100 هەزار تۆن کاڵا، بەتایبەت کاڵا سەرەکییەکان، رێکارە گومرگییەکانیان بۆ تەواو دەکرێت و دەخرێنە بازاڕەوە. گوتیشی، "لە دوو گومرگی وڵاتدا، نزیکەی 6000 بارهەڵگر بەردەوام لە کاردان بۆ گواستنەوەی ئەو کاڵا سەرەکییانەی کە رێکارە یاساییەکانیان بۆ تەواو کراوە."