پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا: هەژمارەکەمان لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا ئامادەیە
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا دەڵێت، هەژماری بانکی ناوەندیی وڵاتەکەی لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا ئامادەیە. دەشڵێت، پرۆسەی گۆڕینەوەی چاپی کۆنی لیرە خێراتر دەکەن.
عەبدولقادر حەسریە، پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا گوتی، هەژماری بانکی ناوەندی لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا "ئامادەیە و بەمزووانە کاری پێدەکرێت."
حەسریە گوتیشی، "ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە بانکییەکان لەگەڵ بانکی فیدراڵیی ئەمریکا لە ئەنجامی هەوڵێکی چڕ بووە، کە دوای گفتوگۆ و کۆبوونەوەی زۆر لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی فیدراڵی و نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوە هەژمارەکە کرایەوە."
یەکەمجارە لەدوای 2011ـەوە هەژمارەکەی سووریا لە بانکی ناوەندیی ئەمریکا، لقی نیویۆرک دەکرێتەوە.
حەسریە دەشڵێت، "ئەستەمە بتوانین پەیوەندی لەگەڵ بانکەکانی وڵاتانی دیکەدا دروست بکەین، ئەگەر هەژمارێکمان لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا نەبێت؛" ئاماژە بەوەش دەکات کە "کەنەداش بایەخ بە بەهێزکردنی پەیوەندییە دارایی و ئابوورییەکان لەگەڵ سووریا دەدات و چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانی کەنەدا ئەنجامداوە و هەوڵ دەدەین لە هەمان بواردا لەگەڵ بانکی ناوەندیی ئەورووپاش هاوکار بین."
سەبارەت بە پرۆسەی گۆڕینەوەی چاپی دراوی کۆنی لیرەی سووری بە چاپی نوێ، پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا دەڵێت: "40%ـی دراوە کۆنەکە گۆڕدراوە و پرۆسەکە بە هێمنی بەڕێوەدەچێت و پێشبینی دەکرێ دوای جەژنی رەمەزان پرۆسەی گۆڕینەوەکە خێراتر بێت."