بەغدا داوای هەناردەکردنەوەی نەوت دەکات و دەڵێت ئامادەن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەولێر لەسەر مەرجەکان

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادەیی دەردەبڕێ، هاوتەریب لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە، گفتوگۆ لەبارەی ئەو مەرجانە بکات کە هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتەکەی دایناون. دەشڵێت، ئامادەن 300 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی کوردستانەوە هەناردە بکەن.

لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هەرێمی کوردستان هەناردەکردنی نەوتەکەی لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیا راگرت. هەرێمی کوردستان نیگەرانە لەو مامەڵە و سیاسەتەی کە حکومەتی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان پیادەی دەکات.

حکومەتی عێراق پار مووچەی دوو مانگی هەرێمی کوردستان نەناردووە، مووچەی مانگی شوباتی ئەم ساڵی بە سێ بەش رەوانە کردووە. هەروەها ماوەیەکە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە هێرشیان دەکرێت سەر، بەهۆیەوە زۆربەی کۆمپانیاکانی نەوتی کارەکانیان راگرتووە.

گرفتێکی دیکە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدایە لەبوارەی بازرگانی کە هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە. ئەوە وێڕای پێنەدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بە بازرگانانی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی نەوتی عێراق داوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەکات، دەشڵێت: دواتر مەرجەکانیان تاوتوێ دەکەن.

وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی ئاداری 2026 روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە لە سەرەتای دروستبوونی جەنگەکەوە لە پەیوەندی بەردەوام دان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەوان ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن بە بڕی 300 هەزار بەرمیل لە رێگەی بۆریی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەرەو بەندەری جەیهان.

بەپێی وەزارەتەکە، ئەو 300 هەزارە جیاواز لە بڕە نەوتەیە لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەمدێن، کە پێش جەنگەکە رۆژانە بەلایەنی کەمەوە 200 هەزار بەرمیل هەناردە دەکرا.

توانای هەناردەکردنی بۆرییەکە نزیکەی 900 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا وەکو وەزارەتی نەوت دەڵێت. 

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رەتیکردووەتەوە ئێستا هەناردەکردن دەستپێبکاتەوە و چەندین مەرجی داناوە کە هیچ پەیوەندییان بە بابەتی هەناردەکردنی نەوتی خاوەوە نییە.

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، "لە لایەن خۆمانەوە روونمانکردەوە کە دەکرێت دواتر و هاوتەریب لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت گفتوگۆ لەبارەی ئەو مەرجانەوە بکرێت، چونکە دواکەوتن لە هەناردەکردندا، عێراق لە بەشێک لە داهاتە داراییەکان بێبەش دەکات کە وەک قەرەبووی راگرتنی هەناردەکردن لە دەروازەکانی باشوور هەژمار دەکرێن".

وەزارەتی نەوتی عێراق جارێکی دیکە داوای "دەستبەجێ" هەناردەکردنەوەی نەوت دەکات و دەڵێت: لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی و بەگوێرەی دەستوور و یاسای بودجە دەیانەوێت نەوت هەناردە بکرێت.