سێنتکۆم: هاتووچۆی بازرگانیی دەریایی ئێرانمان بە تەواوی پەکخستووە
رووداو دیجیتاڵ
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەڵێ، هێزەکانی ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێرانیان بە تەواوی جێبەجێ کردووە و باڵادەستیی دەریایی خۆیان لە ناوچەکەدا سەلماندووە.
بەگوێرەی ئەدمیراڵ براد کووپەر، تەنیا لە کەمتر لە 36 کاژێر لە راگەیاندنی گەمارۆکەدا هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە بە تەواوی رێگری لە هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی بکەن کە لە رێگەی دەریاوە بۆ نێو ئێران دەچێت یان لە بەندەرەکانی ئەو وڵاتەوە دەردەچێت.
فەرماندەی سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە، نزیکەی 90٪ـی ئابووریی ئێران لە رێگەی بازرگانیی نێودەوڵەتیی دەریاییەوە دابین دەکرێ، بۆیە ئەم گەمارۆیە دەبێتەهۆی پەکخستنی ژێرخانی دارایی و بازرگانیی ئەو وڵاتە.
ئەدمیراڵ کووپەر باس لەوە دەکات، هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە پاراستنی باڵادەستیی دەریایی خۆیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تاوەکو دڵنیابن لەوەی هیچ کەشتییەک ناتوانێت ئەو گەمارۆیە بشکێنێت کە بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا سەپێندراوە.
ئێوارەی رۆژی دووشەممە سوپای ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستەسەر بەندەرەکانی ئێران. بە گوێرەی سەرۆکی ئەمریکا، گەمارۆکە بەهۆی ئەوەوە بووە کە ئێران رێگەی بە تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە تەنگەکەدا بە ئازادی نەداوە.