بەهای لیرەی سووری بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی

رووداو دیجیتاڵ

بەراورد بە دوێنێ، نرخی یەک ملیۆن لیرەی سووریی زیاتر لە 80 هەزار دینار دابەزی.

رەوەز میرزا، ئاڵوگۆڕکاری دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "نرخی یەک ملیۆن لیرەی سووری ئەمڕۆ بە 167 هەزار دینارە".
 
بە گوتەی ئەو کاسبکارەی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی، دوێنێ یەک ملیۆن لیرەی سووری بە 250 هەزار دینار فرۆشراوە.
 
ئەمڕۆ یەک ملیۆن لیرەی سووری بە 117 دۆلارە، لەکاتێکدا دوێنێ لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی یەک ملیۆنی ئەو دراوە گەیشتووەتەوە 175 دۆلار.
 
لەبارەی هۆکاری دابەزینی بەهای لیرەوە رەوەز میرزا دەڵێت: "دوێنێ ئاشکرا بوو کە دادەبەزێت، چونکە بەهای دراوەکە لە وڵاتی خۆی هێندەی هەرێمی کوردستان بەرز نەبووەوە. دوێنێ خەڵكێکی زۆر لیرەی کڕی بەهای بەرزبووەوە، ئەمڕۆ دیسان کڕیاری کەمە".
 
13ـی ئەم مانگە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، فەرمان دەکات سزاکانی سەر سووریا لاببرێن، ئەوەش بووە هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای لیرە لە بازاڕەکانی کوردستان و سووریا.
 
پێش گوتەکانی ترەمپ، بەهای ملیۆنێک لیرەی سووری بە 133 هەزار دینار، واتە 93 دۆلار بوو.
 
بەهای دراوەکانی دیکە ئەمڕۆ بەمشێوەیەیە:
 
100 دۆلار بە 142 هەزار و 500 دینارە.
100 دۆلار بە 3800 لیرەی تورکییە.
100 دۆلار بە 7 ملیۆن و 900 هەزار تمەنە بە نەختی.