مووچە کەوتە دەست پیاوێکی 'دەستنووقاو و منجڕ'؛ رەوتەکەی دڵنیایی دەداتە کورد: مەترسن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دارایی لە حکومەتی نوێدا قۆناخێکی نوێ و رووخسارێکى دیکەی دەبێت، وەزیرەکەی لە هەناوی یەکێک لە دۆستترین هێزە شیعەکانەوە لەگەڵ کورد چووەتە سەر "کورسیی پارەکە". لە سێ خولدا فالح ساری، ئەندامی لیژنەی دارایی بووە، هاوڕێیەکی بە کەسێکی "دەستنووقاو و منجڕ" لە پرسە داراییەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان ناوی دەبات.
"ئەستەمە حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند بێت بە رێنماییەکانی یەکخستنی دەروازە سنوورییەکان"، ئەوە بەشێک بووە لە لێدوانی فالح ساری، وەزیری دارایی ئێستا و پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، کاتێک لە 12ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ پرسی گومرگ لە دانیشتنی پەرلەمان تاوتوێ کرا و پێشنیازی کرد بازگە دابنرێت.
فالح ساری، کە تەمەنی 61 ساڵە، 12 ساڵی تەمەنی لە پەرلەمان بردووەتەسەر و لە سێ خولدا ئەندامی لیژنەی دارایی بووە، بەر لەوەی لە 14ی ئایار وەک وەزیری دارایی کابینەی نوێی حکومەت لە پشکی رەوتی حیکمە دەنگی پێ بدرێت.
سۆران عومەر، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمان، کە ئاشنایەتیی لەگەڵ فالح ساری و هەڵوێستەکانی هەبووە لە خولەکەیدا، بە رووداوی گوت: "لە هەموو ئەو پرسانەی پەیوەست بوون بە هەرێمی کوردستان و پابەندیی دارایی هەبوو، هەڵوێستی تووند بوو، کەسێکی منجڕ بوو."
یەکەم هەڵوێستی فەرمی وەزیری دارایی نوێ دوای هەڵبژاردنی، لەبارەی پرسی دارایی بوو، کاتێک گوتی: "کار بۆ چارەسەری قەیرانی دارایی دەکەین، لەگەڵ پەرۆشیی تەواو بۆ ئەوەی زیاتر زیان بە قووتی خەڵک نەگات."
ئەو قووتی خەڵکەی فالح ساری باسی دەکات، بەشێکی تایبەتە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و چارەنووسی مووچەکانیان لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، بەتایبەت کە ئەو پرسە زۆربەی مانگەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا دەبێتە کێشە.
هەڵوێستەکانی فالح ساری لەبارەی پرسە داراییەکان ئاماژەن بۆ ئەوەی کەسێکی دەستنوقاوە لە خەرجکردن، سۆران عومەر ئەو سرووشتەی پشتڕاست کردەوە.
وەزیری دارایی نوێ سەرۆکی فراکسیۆنی رەوتی حیکمە بووە، کە عەمار حەکیم سەرۆکایەتیی دەکات و یەکێکە لەو هێزە شیعانەی بەراورد بە پێکهێنەرانی دیکەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی، نەرمتر مامەڵەی لەگەڵ پرسەکانی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام سۆران عومەر دەڵێت: "هەڵوێستەکانی فالح ساری لە پەرلەمان جیاواز بوو لە تێڕوانینی رەوتی حیکمە."
بەر لەوەی لە 2010 ببێتە پەرلەمانتار، فالح ساری لە ساڵی 1992 تاوەکو 2009 لە دیوانی چاودێری دارایی کاری کردووە، ئەوەش وای لێدەکات لە کون و کەلەبەری پرسە داراییەکان ئاگادار بێت.
فالح ساری عەبداشی جیاشی، لە هۆزی (ئەلساری)یە لە پارێزگای سەماوە، کە یەکێکە لە هۆزە گەورە و ناسراوەکانی باشووری عێراق، ئەمەش پێگەیەکی جەماوەری و کۆمەڵایەتی بەهێزی لە پارێزگای موسەنا پێداوە، کە لەسەر ئاستی عێراقدا هەژارترین پارێزگایە.
یەکێک لە ئەندامانى لیژنەى دارایی خولەکانى پێشووى پەرلەمانى عێراق کە لە هەمان لیژنەکەی فالح ساری (لیژنەی دارایی) بە رووداوى گوت:" کەسێکى دەستپاکە، بەڵام لە پرسە داراییەکان دەستنووقاوە، هەستى بێ بەشبوونى پارێزگاکەى کاریگەرى لەسەر هەوڵوێستەکانى هەبوو لە ناو لیژنەدا"
هەموو ئەو کەسانەی کە رووداو قسەی لەگەڵ کردوون و ئاشنایەتییان لەگەڵ فالح ساری هەبووە، دووپاتی دەکەنەوە کە وەزارەتی دارایی سەردەمی ئەو، وەکو وەزارەتی دارایی سەردەمی تەیف سامیی نابێت.
ئەندامەکەى پێشووى لیژنەى دارایی کە لەبەر تێکنەچوونى هاوڕێیەتییان نەیویست ناوى بڵاو بکرێتەوە گوتى: "فالح سارى وەک بیروباوەرى شیعە کەمێک تووندە، بەڵام لە کۆبوونەوەکان تووڕەبوونى نەبوو، حەزیشى بە ناکۆکی و شەڕ و دەمەقاڵی نییە." بەڵام گوتیشی: "لە کاتی گفتوگۆکردن لەگەڵیدا بۆ پرسێک لێکتێگەیشتنی قورسە."
ترسەکە بۆ کورد لەوەدایە وەزیرە نوێیەکە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە مووچە، گومرگ و پابەندییە داراییەکان بگەڕێنێتەوە خاڵی سفر، بەڵام رەوتی حیکمە پێچەوانەکەی دەبینێت.
ئەحمەد عیساوی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە بە رووداوى گوت: "پێویست بە ترس ناکات، رەوتی حیکمە لە رابردووشدا هەڵوێستەکانی لەبارەی مووچەوە پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بووە و واش دەمێنێتەوە، ئەوەش کاریگەریی لەسەر وەزیرەکەمان دەبێت."
پێشتر ئەزموونی پەنابردن بۆ سەرکردایەتیی رەوتی حیکمە لەلایەن کوردەوە تاقیکراوەتەوە و کاریگەریی هەبووە. سۆران عومەر گوتی: "لە پرسی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە فالح ساری دژ بوو، لەلای عەمار حەکیم شکاتمان لێکرد، ئەویش لە پەرلەمان هەڵوێستی گۆڕی."