نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بەرزبووەوە بۆ 2332 دۆلار

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی ئۆنسەیەک زێڕ رۆژی هەینی بە رێژەی زیاتر لە 1% بەرزبووەوە و بەوپێیەش لە ماوەی چوار هەفتەی رابردوودا، یەکەم هەفتەیە کە نرخی کانزای زەرد بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت.
 
کەمبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە ئەمریکا، گەشبینیی دروستکردووە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا لە ئەم ساڵدا سوودی بانکی دادەبەزێنێت.
 
رۆژی هەینی لەکاتی داخستنی بازاڕدا یەک ئۆنسە زێڕ بە 2332 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا و بە رێژەی 1.3% بەرزبووەوە.
 
نیگەرانی لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا، کە راستڕەوەکان دەنگی زۆریان هێناوە، هەروەها راگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە فەرەنسا، بووەتە هۆکار بۆ دابەزینی بەهای بازاڕەکانی ئەورووپا. بازاڕەکانی بۆرسەی ئەمریکاش بە وریاییەوە مامەڵەیان تێدا کرا.
 
بارێت مەلەک، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (تی دی سیکیوریتی) لەوبارەیەوە رایگەیاند، "دابەزینی بازاڕەکانی دیکەی بۆرسە، و گەشبینی بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی، خواستی بۆ کڕینی زێڕ بەرزکردووەتەوە."
 
دوای بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی هەڵاوسان لە هەفتەی رابردوو، کە خاوبوونەوەی رێژەی هەڵاوسانی لە مانگی پێنجدا پێوە دیارە، ئێستا بازرگانان پێشبینی دەکەن لە کۆتاییەکانی ئەم ساڵدا بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوودی بانکی 0.5% دابەزێنێت.
 
دابەزینی سوودی بانکی، سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و بەهای دۆلار کەم دەکاتەوە کە دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.