سەرۆکی هاوردە و ناردنکاران: مامەڵەی بازرگانیمان لەگەڵ ئێران زیاتر لە 6 ملیار دۆلارە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ساڵانە مامەڵەی بازرگانیمان لەگەڵ ئێران زیاتر لە 6 ملیار دۆلارە. ئێران دوای تورکیا دووەم وڵاتە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ دەکەین."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 15-10-2025 مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان میوانی بووڵتەنی کاژێر 09:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات، پێکەوە پرسی یەکەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەناردەی کرماشان و رەوشی هاوردە و هەناردەیان تاوتوێ کرد.
 
پێشانگەکە یەکەم جارە لە کرماشان دەکرێتەوە؛ چوار رۆژ بەردەوام دەبێ و 35 کۆمپانیای گەورەی پارێزگاکە تێیدا بەشدارن.
 
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان لە کرماشانەوە گوتی، "ئەمە یەکەمین پێشانگەیە بەشداری تێدا دەکەین. کرماشان رۆڵێکی کاریگەری هەیە و کاڵاکانیشی بە ماوەیەکی کەم دەگەیێندرێنە هەرێمی کوردستان."
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتی، کرماشان لە بواری خۆراکدا زۆر پێشکەوتووە و زۆربەی کاڵاکانیان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا دەبینرێن، بەڵام ئەوان بەنیازن کاڵای زیاتر هەناردەی هەرێمی کوردستان بکەن.
 
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان دەشڵێت، "بۆ ئەوەی کاریان لەگەڵ بکەین، هەندێ تێبینیمان پێدان. داوامان کردووە کواڵیتی کاڵاکانیان بەرزبکەنەوە؛ هاوکات داوامان لێکردن هاوشێوەی کارگەکان لە کرماشان، بێن لە هەرێمی کوردستانیش کارگەکە دابمەزرێنن، چونکە لەمەودوا پێویستمان بەوەیە کارگەمان هەبێت و بەرهەمهێنەر بین."
 
لە وەڵامی داواکارییەکەی سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە کارگەکان بە ناوی مانیزان گوتوویەتی، خەریکن لە کەلار کارگەیەک دەکەنەوە و رایگەیاندووە، "رێکارە کارگێڕییەکان جێبەجێ دەکەین."
 
سەبارەت بە بەرهەمەکانی کرماشان، مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتی، "شیری تەڕیان زۆرە و شیری وشک لە بەرهەمەکانیاندا بەکارناهێنن. لە نێوخۆی ئێرانیش لە بەرهەمی شیرەمەنیدا پشت بە کرماشان دەبەسترێ. هاوکات لە بواری کشتوکاڵدا کرماشان هەوڵی داوە لە تەواوی ئێران یەکەم بێت."
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان گوتی، "ساڵانە مامەڵەی بازرگانیمان زیاتر لە شەش ملیار دۆلارە. یەکەم کاڵاشمان خۆراکە و نرخەکەیشی گونجاوە. ئێران لە دوای تورکیا دووەم وڵاتە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ دەکەین."