نرخی زیو نزیکەی دوو دۆلار دابەزی
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ شەممە، لەکاتی داخرانی بازاڕە داراییەکان، نرخی ئۆنسەیەک زیو 1.81 دۆلار، یاخود 3.47٪ دۆلار دابەزی و بە 50.51 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. هاوکات کیلۆیەک زیویش بە 1,624 دۆلارە.
سەرەڕای ئەم دابەزینەش، لە هەفتەی رابردوودا نرخی ئۆنسەیەک زیو 2 دۆلار گرانبووە.
دابەزینی نرخی زیو دوای ئەوە هات کە حکومەتی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە ئاماری هەڵاوسانی بۆ مانگی رابردوو بڵاونەکردەوە.
کێڤن هاسێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووریی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، رەنگە بەشێک لە داتاکانی مانگی رابردوو، هەرگیز بڵاونەکرێنەوە، چونکە بەهۆی داخرانی حکومەتەوە دەزگاکانیان نەیانتوانیوە بەشێکی داتاکان کۆبکەنەوە، بەشێکی دیکەشیان بەم نزیکانە بڵاودەکرێنەوە.
ئەگەری هەرگیز بڵاونەکردنەوەی داتای هەڵاوسان، وایکردووە ناڕوونی بۆ بازرگانان و بانکی ناوەندیی ئەمریکاش دروست ببێت، بەوپێیەی هەڵاوسان و بێکاری دیارترین دوو داتای ئابوورین کە بانکەکە بۆ بڕیاردان لەسەر رێژەی سوود دەیانکاتە بنەما.
رۆژی 10ـی مانگی داهاتوو، بانکی ناوەندیی ئەمریکا لەبارەی رێژەی سوود کۆدەبێتەوە و بڕیاری خۆی رادەگەیێنێت.
پێشتر بازرگانان ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوودیان لە کۆبوونەوەکە بە 65٪ دانابوو، بەڵام دوای بڵاونەبوونەوەی هەڵاوسان، ئەو رێژەیە بۆ 50٪ دابەزیوە.
کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە کاتی ئاساییدا نرخی دۆلار دادەبەزێنێت، ئەوەش نرخی زیو بەرزدەکاتەوە.
هەفتەی رابردوو، ئەمریکا زیوی بۆ لیستی "کانزا بەنرخەکان" زیادکردبوو.