هاوردە و ناردنکاران: 60%ی خۆراکی هەرێمی کوردستان لە تورکیا و ئێرانەوە دێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەرزبوونەوەی نرخی هەندێک لە خۆراک و کاڵا پەیوەندی بە دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار هەیە. دەشڵێت، 60%ی خۆراکی هەرێمی کوردستان، جگە لە برنج و شەکر، لە تورکیا و ئێرانەوە هاوردە دەکرێ.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیاتر لە 60%ی خۆراکە جیاوازەکان لە تورکیا و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن و تەنیا شەکر و برنج لە دەروازەکانى باشووری عێراقەوە هاوردە دەکرێن.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان رایگەیاند، دەبێت خۆراک لە شوێنێکی نزیکەوە هاوردە بکرێ بۆ ئەوەی زوو بگات.
لە 1ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە حکومەتی فیدراڵی پێناسی نوێی گومرگی کارا کرد، کە رێژەکەی لەنێوان 5% بۆ 30%یە و پێویستە لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆدا و دانی پێشوەختەی گومرگ کاڵا هاوردە بکرێ.
ئەو بڕیارە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت، بەهۆی ئەوەی نەچووەتە نێو سیستمی ئەسیکۆدا، بۆیە بازرگانان ناچارن لەبری دۆلاری بانکی ناوەندی بە بەهای فەرمی، پەنا بۆ دۆلاری بازاڕ ببەن.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان رایگەیاند، هەندێک لە کاڵا و خواردنەکان کەمێک نرخیان گران بووە و ئەوەش بەهۆی نزمبوونەوەی بەهای دینارە بەرامبەر بە دۆلار، چونکە بازرگانان پەنا بۆ دۆلاری بازاڕ دەبەن.
نزیکەی هەفتەیەکە بەهای 100 دۆلار بەرامبەر بە دینار سەروو 150 هەزار دیناری تۆمار کردووە، لە کاتێکدا نرخی فەرمی بۆ بازرگانی لە بانکی ناوەندی 132 هەزار دینارە.
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو بڕیارە نوێیەی حکومەتی فیدراڵی وای کردووە بازرگانانی عێراق کڕینی دۆلار لە بانکی ناوەندی کەم بکەنەوە، هەروەها ئەو بڕیارە وایکردووە نرخی خۆراک لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەرز ببێتەوە.