خاوەن زنجیرە مارکێتێک: نرخی گۆشت گران بووە و بە ئەگەری زۆرەوە گرانتریش دەبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

خاوەن زنجیرە مارکێتەکانی هەورێ دەڵێت، مریشک و برنج زیاتر لە دوو هەزار دینار گرانبوون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دابەزینی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار هۆکاری سەرەکییە.
 
سەروان هۆشیار، خاوەن زنجیرە مارکێتەکانی هەورێ لە هەولێر گوتی، لە دوێنێوە کە بۆ مارکێتەکانی خۆیان گۆشتیان داواکردووە، نرخی گۆشت گرانبووە.
 
ئەو هاونیشتمانییە دەڵێت، کیلۆیەک گۆشت دوو بۆ چوار هەزار دینار گرانبووە؛ نرخی کیلۆیەک گۆشتی بەرخ و نەرمەی گوێرەکە گەیشتووەتە 22 بۆ 24 هەزار دینار. 
 
سەروان هۆشیار گوتیشی، لە رۆژانی داهاتوودا ئەگەری زۆرە نرخی گۆشت گرانتر بێت، چونکە خواستی زیاتر لەسەری دروست دەبێت.
 
ئەو خاوەن زنجیرە مارکێتە گوتیشی، جگە لە گۆشت، بەنزیکەیی نرخی تەواوی مادە خۆراکییەکانی دیکە گرانبوون؛ دەشڵێت، نرخی فەردەیەک برنجی چوار کیلۆیی، دوو هەزار بۆ دوو هەزار و 500 دینار گرانبووە.
 
لەبارەی نرخی مریشکیشەوە دەڵێت، بەهۆی زۆریی خواستەوە رەنگە لە رۆژانی داهاتوودا نرخەکەی کەمێک گران بێت.
 
قسەی ئەو خاوەنکارە ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی بەشداریکردنی بوو لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 9:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە بەختیار عەبدولعەزیز پێشکێشی کرد.
 
سەروان هۆشیار گوتی، بەشی زۆری گرانبوونی نرخی کاڵاکان و مادە خۆراکییەکان، پەیوەندی بە دابەزینی ئەم دواییانەی نرخی دینار بەرامبەر دۆلارەوە هەیە.
 
نزیکەی مانگێکە نرخی 100 دۆلار لە 142 هەزار دینارەوە گەیشتووەتە نزیکەی 150 هەزار دینار؛ ئێستاش لە نزیک ئەو ئاستە جێگیر بووە.
 
بەشێکی هاونیشتمانییان رەخنە لەوە دەگرن کە لەکاتی دابەزینی نرخی دینار، نرخی کاڵاکان بەخێرایی گران دەکرێن، بەڵام بەپێچەوانەوە نرخەکان یان دانابەزن، یان زۆر کەم دادەبەزن.
 
سەروان هۆشیار دەڵێت: "ئەمە لەدەست ئێمەدا نییە و ئەم بابەتە پەیوەستە بە نرخی دینار بەرامبەر دۆلار و حەواڵەی دۆلار بە نرخی فەرمی بۆ بازرگانان".
 
ئەو خاوەنکارە باس لەوە دەکات، پێشتر بە نرخێکی کەمتر دۆلار حەواڵە دەکرا بۆ بازرگانان، بەڵام ئێستا بە دابەزینی نرخی دینار، بازرگانان ناچارن بە گرانتر دۆلار دەستبخەن، بەڵام تاوەکو بە نرخی نوێ و گرانتر کاڵایان بۆ نەهێندرێ، ئەوان نرخی کاڵا گران ناکەن.
 
سەروان هۆشیار دەڵێ، ئەگەر لە چوارچێوەی سیستمی ئەسیکۆدا کاڵا و خۆراک هاوردە بکرێ، نرخ دادەبەزێ، چونکە لەو سیستمەدا 100 دۆلار بە نرخی 132 هەزار دینار حەواڵە دەکرێت.
 
بەهۆی زیادکردنی پێناسی گومرگی لە لایەن حکومەتی عێراقەوە زیاتر لە 70 هەزار کۆنتێنەر لە بەندەرەکانی عێراق ماونەتەوە و رێکارەکانیان تەواونەکراوە. لەو ژمارەیە، زیاتر لە هەزار کۆنتێنەریان لە لایەن بازرگان و کۆمپانیا کوردییەکانەوە خاوەندارێتی دەکرێن.
 
سەروان هۆشیار گوتی، ئەم بابەتە هێشتا کاریگەری لەسەر بازاڕ نەبووە و نەبووەتە هۆی کەمبوونەوەی کاڵا، چونکە لە هەرێمی کوردستان کۆمپانیاکان کۆگاکانیان گەورەن و کاڵای زۆریان تێدایە، تاوەکو شەش مانگی دیکەش دۆخەکە بەم شێوەیە بێت، کاریگەری لەسەر بازاڕ نابێت.
 
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیاتر لە 60%ی خۆراکە جیاوازەکان لە تورکیا و کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن و تەنیا شەکر و برنج لە دەروازەکانى باشووری عێراقەوە هاوردە دەکرێن.