لە عێراق گومرگی لمی پشیلە کراوە بە 15% و خۆراکی سەگ و پشیەلەش 5% زیادیانکردووە


رووداو دیجیتاڵ

گومرگی عێراق بە نوسراوى فەرمى روونکردنەوە لەبارەی رێژەی گومرگی خۆراک و پێداویستیی سەگ و پشیلە دەدات و ئاماژە بەوە دەکات، رێژەکە بۆ خۆراکی ئەو  ئاژەڵانە 5% و گومرگی لمی پشیلە 15% دەبێت. سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەریی عێراق دەڵێت: "پێشتر رێژەکە لەنێوان 2% بۆ 3% بووە."
 
ئەو روونکردنەوەیەی دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لە نووسراوێکدا بووە کە لە 15ی شوباتی 2026 ئاراستەی سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەری کراوە.
 
رۆژی دووشەممە، 17ـی شوباتی 2026، د. عەلاوی حەسناوی، نەقیبی سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەریی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "ئەو روونکردنەوەیە لەسەر بنەمای نووسراوێک بووە کە لە 7ی کانوونی دووەم ئاراستەی دەستەکەمان کردبوو، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیمان پێبدەن لەبارەی رێژەی گومرگی سەر ئەو پێداویستی و کاڵایانەی کە تایبەتن بە کەرتی ڤێتێرنەری لە پێناسی نوێی گومرگدا."
 
نووسراوەکەی دەستەی گشتیی عێراق ئاماژەی بەوە داوە، کە گومرگى دەرمان و ڤاکسینی تایبەت بەو ئاژەڵانە بە 0.5% ى بەهاکەى دیاری کراوە، گومرگی سەر پێداویستیی ڤێتێرنەری و عەلەف و خۆراکی سەگ و پشیلە 5% دەبێت، بەڵام لمی پشیلە (بێنتۆنایت) گومرگەکەی 15% دەبێت، کە بۆ پاکوخاوێنیی پشیلە لەنێو کوولانەکەیدا بەکار دەهێنرێت.
 
نەقیبی سەندیکای پزیشکانی ڤێتێرنەریی عێراق رایگەیاند، بەر لە پێناسی نوێی گومرگ، رێژەی گومرگی سەر ئەو پێداویستییانە 2% بۆ 3% بووە، بەڵام گومرگی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکانی ڤێتێرنەری وەک خۆیەتی و نەگۆڕاوە.
 
لە 1ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە عێراق کاری بە پێناسی نوێی گومرگ کرد، کە رێژەکەی لەنێوان 5% بۆ 30% دەبێت.