عێراق و ئیمارات پڕۆژەیەکی 700 ملیۆن دۆلاری رادەگەیێنن


رووداو  دیجیتاڵ

هاوبەشییەکى بازرگانیی عێراقی-ئیماراتی پلانی جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی گەورەی کێبڵی گواستنەوەی داتا بە تێچووی 700 ملیۆن دۆلار رادەگەیێنێت، کە ئامانج لێی بەستنەوەی ئیماراتى عەرەبییە بە تورکیا لە رێگەی خاکی عێراقەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ خێراکردنی ئینتەرنێت و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە رێڕەوی نۆکەندی سوێس.
 
رۆژی دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، عەلی ئەلعەکابی، سەرۆکی کۆمپانیای (تێک 964)ـی عێراقی رایگەیاند، پڕۆژەکە بەناوی "وۆرڵد لینک" دەبێت و پێکهاتووە لە کێبڵێکی ژێر دەریا لە شاری فۆجەیرەی ئیماراتەوە بۆ نیمچەدوورگەی فاو لە باشووری عێراق و دواتر بە وشکانی بەرەو باکوور تاوەکو سنووری تورکیا درێژ دەبێتەوە. 
 
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەم پڕۆژەیە لە رێگەی کەرتی تایبەتەوە پارەدار دەکرێت و تەواوکردنی 4 بۆ 5 ساڵ دەخایەنێت.
 
عەلی ئەلعەکابی ئاماژەی بەوە کرد، پڕۆژەکە خزمەتگوزارییەکانی بۆ کۆمپانیا گەورەکانی گواستنەوەی داتای نێودەوڵەتی و ئەپڵیکەیشنەکانی ژیریی دەستکرد تەرخان دەکات. 
 
ئەلعەکابی گوتی، "ئامانجی ئێمە کەمکردنەوەی قەرەباڵخییە لەسەر رێڕەوەکانی ئێستای گواستنەوەی داتا لە نێوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا، هاوکات کەمکردنەوەی ئەو کاتەیە کە بۆ گەیشتنی زانیارییەکان پێویستە بەراورد بەو رێگەیانەی بە نۆکەندی سوێسدا تێدەپەڕن." 
 
لە هەمان کاتدا، ئەم پڕۆژەیە بە سپۆنسەری سێ کۆمپانیا دەکرێت، کە بریتین لە تێک 964، کۆمپانیای دى ئاى ئێڵ تەکنەلۆژیای کوردی-عێراقی و کۆمپانیای بریز ئینڤێستمێنتی ئیماراتی.
 
ئەم پەرەسەندنە لە کاتێکدایە کێبڕکێ لە نێوان وڵاتانی کەنداو بۆ کۆنتڕۆڵکردنی رێڕەوەکانی وزە و داتا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز. تەنیا هەفتەیەک بەر لە ئێستا سعودیە و سووریا پڕۆژەیەکی هاوشێوەیان بە تێچووی 1 ملیار دۆلار راگەیاند بۆ نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی سووریا و کردنی بە ناوەندێکی گەیاندنی داتا لە نێوان ئاسیا و ئەورووپا. 
 
عێراقیش هەوڵدەدات لە رێگەی پڕۆژەکانی وەک رێگەی گەشەپێدان کە تێچووەکەی 17 ملیار دۆلارە، خۆی وەک ناوچەیەکی جێگیری ترانزێت لە ناوچەکەدا بناسێنێت.
 
عێراق لە دوای ساڵی 2003ـەوە هەوڵیداوە پێگەی جوگرافی خۆی وەک پردێکی وشکانی لەنێوان کەنداو و ئەورووپا بەکاربهێنێت، بەڵام ناسەقامگیریی ئەمنی بۆ ماوەی دوو دەیە رێگر بووە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان. 
 
لە ساڵی 2023دا حکومەتی عێراق پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانی راگەیاند کە هێڵی ئاسن و رێگای خێرا لە بەندەری فاوەوە بەرەو تورکیا لەخۆدەگرێت.