راپۆرتی ساڵانەی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ: هێرشە درۆنییەکانی ساڵی رابردوو بەرهەمهێنانی نەوتیان کەمکردەوە
رووداو - دیجیتال
کۆمپانیای دی ئین ئۆی نەرویجی دەڵێ، هێرشە درۆنییەکانی ساڵی رابردوو بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ و پێشابوور لە پارێزگای دهۆک کەمکردەوە.
کۆمپانیای دی ئین ئۆ لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵی 2025دا رۆژانە لە هەردوو کێڵگەی تاوکێ و پێشابوور تێکڕا 70 هەزار و 92 بەرمیلی بەرهەمهێناوە، لە کاتێکدا ساڵی پێشتر لەو دوو کێڵگەیە 78 هەزار و 615 بەرمیلی بەرهەم دەهێنا.
ئێستاش جارێکی دیکە کۆمپانیاکە بەرهەمهێنانی نەوتی راگرتووەتەوە، ئەوەش بەهۆی مەترسی هێرشی درۆنییەوە.
کۆمپانیاکە باس لەوە دەکات، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی ساڵی رابردووەوە رۆژانە تێکڕا 8 هەزار و 512 بەرمیل رادەگیرا.
لەراپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، دوای 30 مانگ لە راگرتنی وەبەرهێنان لە گرێبەستی تاوکێ کە کێڵگەی نەوتی تاوکێ و پێشابوور دەگرێتەوە، دەست بە لێدانی بیری نوێ بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان و زیادکردنی یەدەگی کۆمپانیاکە کرا.
بەپێی پلانی کۆمپانیاکە، بڕیار بوو ئەم ساڵ ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا بەرزبێتەوە، بەڵام ئێستا لە هەردوو کیڵگەکە ئاستی بەرهەمهێنان سفرە.
کێڵگەی نەوتی تاوکی خاوەنی یەدەگێکی 145 ملیۆن بەرمیل نەوتی سەلمێنراوە و کۆمپانیای دی ئین ئۆ خاوەندارێتی 75٪ی دەکات و کۆمپانیای گەنەل ئینێرجیش خاوەندارێتی 25٪ەکەی دیکەی دەکات.