یەکەم کەشتیی نەوتی عێراق لە سووریاوە بار کرا
رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی میدیای فەرمیی سووریا، ئەو وڵاتە رۆژی چوارشەممە دەستی بە بارکردنی یەکەم کەشتیی نەوتی عێراقی لە پاڵاوتگەی بەندەری بانیاس کرد.
بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە عێراق ناتوانێت نەوت هەناردە بکات و لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستی بە گواستنەوەی نەوت بە تانکەر لە رێگەی سووریاوە کردووە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی بە کەشتی.
ئەحمەد قوباجی، جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی سووریا رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە "یەکەم کەشتی نەوت بار کرا، ئەوەش بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ لایەنی عێراقی کراوە بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ پاڵاوگەی بانیاس و پاشان بۆ تێرمیناڵی نەوت بۆ بارکردن لە رێگەی دەریاوە."
قوباجی گوتیشی، "ئەو بڕەی کە لە کەشتییەکە بار دەکرێت بە نزیکەی 500 هەزار تۆن مەزەندە دەکرێت"، ئەو بڕە دەکاتە 3 ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل.
قوباجی باس لەوەش دەکات، رێککەوتنەکە رێگە بە سووریا دەدات "ئەو نەوتەی کە بۆ وێستگەکانی کارەبا پێویستمانە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا وەریبگرین و ئەو زیادەیەی دەمێنێتەوە هەناردە دەکرێت."
پێش شەڕی ئێران لە 28ی شوبات، عێراق رۆژانە نزیکەی 4.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا و نزیکەی 3.5 ملیۆن بەرمیلی لە رێگەی کەنداوەوە هەناردە دەکرد.
مانگی رابردوو وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند کە بەشێک لە هەناردەی نەوتی دەستی پێ کردووەتەوە و 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە بەندەری جەیهانی تورکیا.