بەرپرسێکی بانکی جیهانی: شەڕی ئێران مەترسیی برسیێتی 20٪ زیادکردووە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئابووریناسانی بانکی جیهانی دەڵێت، ئەگەر هەیە بەهۆی شەڕی ئێرانەوە 60 ملیۆن کەسی دیکە لە جیهاندا رووبەڕووی برسێتی ببنەوە.
ئیندەرمیت گیل، سەرۆکی ئابووریناسانی بانکی جیهانی رایگەیاند: "ئێستا نزیکەی 300 ملیۆن کەس بەدەست ناسەقامگیریی ئاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن." گوتیشی، "لەگەڵ زیادبوونی کاریگەرییە لاوەکییەکان، ئەو ژمارەیە زۆر بە خێرایی بە نزیکەی 20% زیاد دەکات."
بە گوتەی ئەو ئابووریناسە، بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕی ئێرانەوە دەکرێت ژمارەی ئەو کەسانەی ئاسایشی خۆراکیان ناسەقامگیرە، بگاتە 360 ملیۆن کەس.
قسەکانی گیل لەکاتێکدایە، بەهۆی داخرانی تەنگەی هورمزەوە نرخی وزە لە وڵاتانی جیهان بەرزبووەتەوە. هاوکات نرخی پەینی کیمیاییش بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.
پەین کە لە کشتوکاڵدا بەکاردەهێندرێت، رەنگە وڵاتان هانبدات هەناردەکردنی خۆراک رابگرن و خۆراکی زیاتر بۆ خۆیان هەڵبگرن، ئەمەش زیاتر نرخی خۆراک بەرزدەکاتەوە.
گیل بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، "ئەو قەدەخەکارییانەی هەناردەکردن زۆر بە تووندی دەمانترسێنن."
سەرۆکی ئابووریناسانی بانکی جیهانی دەشڵێت، زۆرترین ئەو کەسانەی رووبەڕووی برسیێتی خۆراک دەبنەوە، لەو وڵاتانەن کە لە جەنگدان.
گیل دەڵێت، ئەگەر دۆخەکە بە زوویی چارەسەر نەکرێت، "برسیێتی بە شێوەیەکی بەرفراوان روو لەو وڵاتانە دەکات."