ئابووریی چین لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵ 5% گەشەی کردووە

 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان کە رۆژی پێنجشەممە بڵاوکرانەوە، گەشەی ئابووریی چین لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵدا زیاتر بووە لە پێشبینییەکان.
 
نووسینگەی ئاماری چین رایگەیاند، کۆی بەرهەمی نێوخۆیی وڵاتەکە لە مانگەکانی کانوونی دووەم تاوەکو ئادار 5% گەشەی کردووە بەراورد بە هەمان ماوەی پار. شارەزایان پێشبینییان کردبوو رێژەکە 4.8% بێت.
 
چین بۆ ئەم ساڵ ئامانجیەتی ئابوورییەکەی 4.5% بۆ 5% گەشە بکات، کە نزمترین ئاستە لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا.
 
قەیرانی خانووبەرە و دابەزینی بەردەوامی خەرجیی بەکاربردنی نێوخۆ لە چین، وایکردووە ئەو وڵاتە زیاتر پشت بە زیادکردنی هەناردە ببەستێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە گەشەی ئابووری.
 
نووسینگەکە راشیگەیاندووە، لە مانگی رابردوودا بەرهەمهێنانی پیشەسازی 5.7% زیادیکردووە.
 
ئەم ئامارانە لەکاتێکدان کە بەهۆی کاریگەرییەکانی شەڕی ئێران و داخرانی تەنگەی هورمزەوە، کاریگەریی ئابووریی گەورە کەوتووەتە سەر وڵاتانی جیهان و نرخی وزە بەرزبووەتەوە.