ژیریی دەستکرد شوێنی 1000 کارمەندی سناپچات دەگرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

کۆمپانیای تەکنەلۆژیی سناپ، کە خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتیی سناپچاتە هەزار کارمەندی دەرکرد و رایگەیاند، ژیریی دەستکرد کارایی کارەکانی زیادکردووە.
 
ئیڤان سپیگڵ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە لە یاداشتێکدا کە کۆمپانیاکە بڵاویکردووەتەوە رایگەیاند، ئەم گۆڕانکارییە نزیکەی 16%ی کارمەندە هەمیشەییەکانی کۆمپانیاکە دەگرێتەوە و زیاتر لە 300 پۆستیش هەڵدەوەشێننەوە.
 
سپیگڵ نووسیویەتی، "پێمانوایە پێشکەوتنە خێراکانی ژیریی دەستکرد، رێگە بە تیمەکانمان دەدات کاری دووبارە کەمبکەنەوە، خێرایی زیاد بکەن و باشتر پشتگیریی کۆمەڵگە، هاوبەش و ریکلامکەرەکانمان بکەن."
 
ئەو بەڕێوەبەرە دەشڵێت، "پێشوەختە بینیمان کە تیمە بچووکەکان چۆن ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی پێشکەوتنی بەرچاو لە چەندین دەستپێشخەریی گرنگدا بەدەستبهێنن."
 
لە یاداشتەکە هاتووە، سناپ چاوەڕێی ئەوە دەکات تاوەکو نیوەی دووەمی ئەم ساڵ زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار لە خەرجییە ساڵانەکانی کەمبکاتەوە و "رێگەیەکی روونتر بۆ قازانجی پوخت" دابمەزرێنێت.
 
بەم هەنگاوە، کۆمپانیای سناپ دەچێتە پاڵ لیستی ئەو کۆمپانیایانەی دیکە کە کارمەندەکانیان کەمدەکەنەوە و ستایشی زیادبوونی بەرهەمداری دەکەن لە ئەنجامی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد.
 
دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەرکردنی کارمەندەکان، نرخی پشکەکانی سناپ زیاتر لە 7.5% بەرزبوونەوە.
 
پلاتفۆرمی 'لەیئۆفس ئێف وای ئای' کە چاودێریی کەمکردنەوەی کارمەندان دەکات رایگەیاندووە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 72 هەزار کارمەند لەلایەن نزیکەی 90 کۆمپانیای تەکنەلۆژییەوە دەرکراون.