هۆشداریی تووند لە سندووقی دراوەوە؛ جەنگ ئابووریی عێراق بەرەو پاشەکشەی زۆر دەبات
رووداو دیجیتاڵ
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) هۆشدارییەکی تووندی سەبارەت بە ئابووریی عێراق بڵاوکردەوە، پێشبینییەکانی بۆ گەشەی ئابووریی ئەو وڵاتە کەمکردووەتەوە، لە کاتێکدا پەرەسەندنی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل نەخشەی دارایی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەڕێژێتەوە، لە نوێترین نوێکردنەوەی راپۆرتی "ئاسۆی ئابووری جیهانی" (WEO)، سندووقەکە ئاشکرای کردووە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا (MENA) "گەورەترین قورسایی دارایی و ئابووریی جەنگی ئێرانیان دەکەوێتە سەر و عێراقیش لە گەشەکردنەوە، رووبەڕووی پاشەکشەیەکی گەورەی ئابووری دەبێتەوە".
ئەو ژمارانەی ئەم هەفتەیە بڵاوکراونەتەوە، باس لە چیرۆکێکی داڕمانی خێرا دەکەن، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو ئێستا پێشبینی دەکات کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) عێراق بە رێژەی 6.8% لە ساڵی 2026دا پاشەکشە بکات، ئەمە تەواو پێچەوانەی پێشبینییەکانی پێشتری ئەو دامەزراوەیە لە مانگی یەکی ئەمساڵدا، بە گەشبینییەوە لەسەر ئابووریی عێراق دەیگوت بەڕێژەی 3.6% گەشە دەکات و پێشبینی دەکرا ببێتە پێنجەم گەورەترین ئابووریی عەرەبی. "شۆکی جەنگ" بە کردەیی ملیارەها دۆلار لە ئابووریی ئەو وڵاتەی سڕیوەتەوە، ئەو ساڵانە باشەی چاوەڕوان دەکرا بۆ عێراق، ئێستا گۆڕدراوە بۆ ساڵانێک بە ناچاری دەست بە داهات و خەرجییەکانیەوە بگرێت.
لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا، پێشبینییەکان بۆ دۆخی ئابووریی وڵاتان، بە هەمان شێواز تەمومژاوییە، چاوەڕوان دەکرێت گەشەی ئابووریی ئەو ناوچەیە بۆ تەنها 1.1% لە ساڵی 2026دا دابەزێت، ئەوە لە کاتێکدایە گەشەی ساڵی رابردوو 3.2% بووە، ئەم دابەزینەی 2.1 % ـیە، گوزارشت لە کاریگەری راستەوخۆی جەنگ دەکات هۆکارەکەش روونە؛ زنجیرەکانی دابینکردن تێکدەچن و بازاڕەکانی وزە ناسەقامگیرییەکی بێوێنە بەخۆیانەوە دەبینن، هەرچەندە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو هیوایەکی بنەڕەتی بۆ بووژانەوەی 4.8% لە ساڵی 2027دا دەهێڵێتەوە، بەڵام ئەم بووژانەوە خێرا و تووندە بە تەواوی بەستراوەتەوە بە ئاساییبوونەوەی گواستنەوەی وزە لە تەنگەی هومرزەوە، کە کەس بە دروستی نازانێت کەی ئاسایی دەبێتەوە.
بۆ عێراق، قەیرانەکە لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە جوگرافیا و ژێرخانەوە، وەکو هەناردەکارێکی سەرەکیی نەوت و هاوردەکارێکی سەرەکی کاڵا، مانەوەی وڵاتەکە بەستراوەتەوە بە هەناردەکردنی نەوتی خاو، راپۆرتەکەی IMF ئاماژە بەوە دەکات "کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن" هۆکاری سەرەکین بۆ داڕمانی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی عێراق، هاوکات لەگەڵ داخرانی تەنگەی هورمز، رێڕەوەکانی هەناردەکردنی باشووری عێراق شادەماری بودجەی نیشتمانین لە جیاتی ئەوەی سەرمایە بن، بوونەتە بارگرانی.
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو بە روونی کاریگەرییەکە بۆسەر عێراق، ئێران، کوێت و قەتەر وەکو "بەرچاوتر" پۆلێن دەکات، لەکاتێکدا دراوسێکانی وەک سعودیە و ئیمارات رووبەڕووی هەڵسەنگاندنی "کەمتر گرنگ" دەبنەوە، ئەم جیاوازییە تا رادەیەکی زۆر بەهۆی هەبوونی رێڕەوی جێگرەوەی هەناردەکردنە، لەکاتێکدا گەشەی سعودیە لە ساڵی 2026دا بە رێژەی 1.4% کەمکراوەتەوە بۆ 3.1%، بەڵام توانای ئەو وڵاتە بۆ بازدان بەسەر تەنگەی هورمزدا لە رێگەی بۆرییەکانی دەریای سوورەوە، پاڵپشتییەکی ستراتیژی پێدەبەخشێت، عێراق ئەو رێڕەوەشی هەیەتی کە بۆری نەوتی کوردستان-جەیهانە ناتوانێ قەرەبووی ئەو دۆخەی بۆ بکاتەوە.
ئێران لایەنی سەرەکیی جەنگەکەیە، رووبەڕووی دۆخێکی خراپتر دەبێتەوە، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینیی گەشەی ئێرانی بە رێژەی 7.2% کەمکردووەتەوە، پێشبینیی پاشەکشەی 6.1% دەکات بۆ ئابووریی عێراق، پەیوەندی بازرگانیی قووڵی لەگەڵ ئێران هەیەو تۆڕەکانی کارەبای لەگەڵ ئەو وڵاتە پەیوەستە، لێکەوتە ئابوورییەکانی تاران بە ناچاری دەگەنە ناو سنوورەکانی عێراق و هەوڵەکانی عێراق بۆ پاراستنی سەقامگیری نێوخۆیی ئاڵۆز و ئەستەم دەکەن.
راپۆرتەکەی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو، هەروەها تیشک دەخاتە سەر "شۆکی بازرگانی"، کە بەر وڵاتانی هەناردەکاری کاڵای وەکو میسر کەوتووە، هەرچەندە ئەو وڵاتانە لایەنی راستەوخۆی شەڕەکە نین، بەڵام بەدەست بەرزبوونەوەی تێچووی سووتەمەنی و خۆراک دەناڵێنن، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پێداچوونەوەی بە دۆخی ئابووریی میسر کردووەو گەشەی ئابووری ئەو وڵاتەی بە رێژەی 4.2% دابەزاندووە.
بازاڕە جیهانییەکان ئێستا بە نیگەرانییەکی زۆرەوە سەیری "سیناریۆ خراپەکان"ـی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو دەکەن، لە ژێر سایەی جەنگی ئێراندا، تارادەیەک لە کورتخایەندا، چاوەڕوان دەکرێت گەشەی جیهانی لە نزیک ئاستی 3.1%دا بمێنێتەوە، بەڵام سندوقەکە هۆشداریدەدات لە "سیناریۆیەکی نەرێنی" تێیدا رەنگە نرخی نەوت بە رێژەی 80% و نرخی گاز لە ئەورووپا و ئاسیا بەڕێژەی 160% بەرزببێتەوە، لەو دۆخەدا هەڵاوسانی جیهانی بە رێژەی 0.9% لە وڵاتە تازەپێگەیشتووەکاندا زیاد دەکات، ئەگەری هەیە عێراق بخاتە ناو قۆناخی هەڵاوسانی یەکجار بەرزەوە.
لە "خراپترین سیناریۆ"دا تێیدا نرخی نەوت دوو هێندە بەرزدەبێتەوە، سندووقی نێودەوڵەتیی دراو پشێبینیدەکات گەشەی جیهانی بۆ 2.0% دادەبەزێت بۆ عێراق، ئەمە بە واتای سستبوونەوەی ئابووریی درێژخایەن دێت، راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات هەڵاوسان لە بازاڕە تازەپێگەیشتووەکاندا رەنگە تا ساڵی 2027 بە ریژەی 1.3% بەرزبێتەوە، ئەمەش بانکی ناوەندیی عێراق ناچار دەکات و رووبەڕووی هەڵبژاردنێکی سەخت دەکاتەوە؛ بەرزکردنەوەی سوودی بانکی و کەمکردنەوەی نەختینە بەمەبەستی شەڕی هەڵاوسان یان رووکردنە وەرگرتنی قەرزێکی زۆر لە نێوخۆ و لەدەرەوە.
بنەما داراییەکانیش لەژێر مەترسیدان، سندوقی نێودەوڵەتی دراو ئاماژە بەوە دەکات جەنگی ئێستا، حکومەت و بانکی ناوەندی عێراق لەسەر دووڕییانێک دەهێڵێتەوە، یان دەبێت پاڵپشتی ئەو کەسانە بکات بەهۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بژێوییەوە، زیانیان بەرکەوتووە یان دەبێت کاربکات بۆ بونیاتنانەوەی یەدەگی دارایی بیانی بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتەوە، قەبارەکەی کەمبووەتەوە، سندووقەکە دەڵێت بەهۆی ئەوەی حکومەتی عێراق ناچارە قەرزبکات بۆ قەرەبووکردنەوەی7.1% ـی ئەو کۆرتهێنانەی کە هەیەتی، دەستی واڵا نییە بۆ پاڵپشتییە کۆمەڵایەتییەکان.
رێگەی گەیشتن بە ساڵی 2027 هێشتا رێگایەکی تەسکە، پێشبینی سندووقی نێودەوڵەتیی دراو بۆ بووژانەوەی 11.3% بۆ عێراق لە ساڵی داهاتوودا لەسەر ئەو گریمانە هەستیارە بونیات نراوە کە "بەرهەمهێنان و گواستنەوەی وزە لە چەند مانگی داهاتوودا ئاسایی دەبێتەوە." ئەگەر ماوەی جەنگەکە درێژە بکێشێت، یان قەبارەی زیانەکانی ژێرخان دووبارە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێتەوە، ئەم بوژانەوەیە رەنگە تەنیا خەیاڵێک بێت، ناوچەکە لە دۆخێکی هەمیشەیی تێکچوونی ئابووریدا بەجێبهێڵێت.