وەزیری نەوتی عێراق بۆ رووداو: مانگی 4 نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوتمان لە تەنگەی هورمزەوە هەناردە کردووە
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق لە یەکەم کۆنفرانسی رۆژنامەوانیی خۆیدا دوای وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمان، پلان و کارنامەی وەزارەتەکەی راگەیاند و گوتی، "بەهۆی جەنگەوە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە تووشی پاشەکشەیەکی گەورە بووە."
رۆژی شەممە، 16ی ئایاری 2026، باسم خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانییدا لە بەغدا کە زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو تێیدا ئامادەبوو، رایگەیاند، "دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، سوپاسی ئەو متمانەیە دەکەین پێیان بەخشین. ئەمە بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە و پشتیوان بە خودا هەنگاوی باش دەنێین بۆ بەدیهێنانی ستراتیژییەتی حکومەت بە ئامانجی گەشەپێدانی پیشەسازیی نەوت و گاز."
وەزیری نەوتی عێراق گوتی، کارەکانی کابینەی پێشوو بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی تەواو دەکەن؛ گوتیشی" ئامانجی سەرەکیمان زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان، داخستنی دۆسیەی گازی سووتاو و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ رێکخراوی ئۆپێک بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان."
لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەدا زیاد ئیسماعیل، پەیامنێری رووداو پرسیارێکی ئاراستەی وەزیری نەوتی عێراق کرد سەبارەت بەوەی ئایا هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە بەردەوامە یان بە تەواوی راگیراوە؟
لە وەڵامی پرسیارەکەی رووداودا باسم خزەیر گوتی، "ئەمڕۆ هەناردەکردن لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە زۆر کەمە، ئەوەش پشت بە هاتنی کەشتییەکان دەبەستێت. پێشتر کەشتییەکان دەهاتن و پارێزراو بوون، بەڵام ئێستا بەهۆی ئەوەی ناوچەی جوگرافیی تەنگەی هورمز هێڵی گەرمە، کۆمپانیاکانی گواستنەوە کەشتییەکانیان پێدا تێناپەڕێنن، تەنیا ژمارەیەکی کەم نەبێت."
وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، "بۆ ئەوەی نموونەیەکتان بدەمێ، ئێمە پێشتر مانگانە 93 ملیۆن بەرمیل نەوتمان لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە هەناردە دەکرد، بەڵام لە مانگی چواردا تەنیا توانیمان نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل هەناردە بکەین."
سەبارەت بە جێگرەوەکان، باسم خزەیر وەڵامی پەیامنێری رووداوی دایەوە و گوتی، "هەوڵمان داوە لە رێگەی دەروازەی باکوورەوە قەرەبووی بکەینەوە. بەشێک لە نەوتی بەسرەمان بۆ کەرکووک ناردووە و هەناردەی رۆژانەمان لە بەندەری جەیھانەوە گەیاندووەتە 200 هەزار بەرمیل. پلانمان هەیە ئەم بڕە بۆ 500 هەزار بەرمیل زیاد بکەین؛" هیوایشی خواست کۆمپانیا بیانییەکانی بواری نەوت بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە بۆ دابینکردنی بڕی زیاتری نەوت.
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی رووداو لەگەڵ باسم خزەیر، وەزیری نەوتی عێراق:
رووداو: ئایا بەردەوامی لە هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە هەیە یان بە تەواوی راگیراوە؟
باسم خزەیر: ئەوەی هەیە بۆتان دووبارە دەکەمەوە، ئەمڕۆ هەناردەکردن لەرێگەی تەنگەی هورمزەوە زۆر کەمە. ئەم بابەتە پشت بە هاتنی کەشتییەکان دەبەستێت. کەشتییەکان پێشتر دەهاتن و پارێزراو بوون، واتە ئەگەر هەر هەڵەیەک رووی بدایە، قەرەبووی کەرەستە و کەسەکانی نێو کەشتییەکە دەکرایەوە، بەڵام ئێستا کۆمپانیاکانی گواستنەوە بەهۆی ئەوەی ناوچەی جوگرافیی تەنگەی هورمز هێڵی گەرمە، کەشتییەکانیان پێیدا تێناپەڕێنن تەنیا ژمارەیەکی کەم نەبێت.
رووداو: واتە چەند کەشتی؟
باسم خزەیر: رێژەکە زۆر کەم بووەتەوە. بۆ نموونە، ئێمە پێشتر مانگانە 93 ملیۆن بەرمیل نەوتمان لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە هەناردە دەکرد، بەڵام لە مانگی چواردا تەنیا توانیمان نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل هەناردە بکەین. بۆیە هەوڵمان داوە لەرێگەی دەروازەی باکوورەوە قەرەبووی بکەینەوە. بەشێک لە نەوتی بەسرەمان بۆ کەرکووک نارد و بە تێکەڵکردنی لەگەڵ نەوتی کەرکووک، رۆژانە نزیکەی 200 هەزار بەرمیلمان لە رێگەی بەندەری جەیھانەوە هەناردە کردووە. پلانمان هەیە ئەم بڕە بۆ 500 هەزار بەرمیل زیاد بکەین. هیوادارم کۆمپانیا بیانییەکانی نێو هەرێمی کوردستانیش کە بەهۆی دۆخی ئەمنییەوە جێیان هێشتبوو، لە رۆژانی داهاتوودا بگەڕێنەوە و بەرهەمهێنان دەستپێبکەنەوە بۆ دابینکردنی بڕی پێویستی هەناردە. هیوایەکی گەورەشمان هەیە کە کێشەی تەنگەی هورمز چارەسەر ببێت.