کۆمپانیای DNOی نەرویجی بەرهەمهێنانی نەوتی لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ بە شێوەیەکی کاتی راگرت
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای DNOی نەرویجی بڵاویکردەوە، کارەکانی لە کێڵگەی تاوکێ لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی کاتی راگرتووە. ئاماژە بەوەش دەکات، دواتر بەرهەمهێنان دەستپێدەکاتەوە.
رۆژی چوارشەممە 16-07-2025 کۆمپانیاکە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەو سێ تەقینەوەیەی ئەم بەیانییە روویاندا، بڕیاریان دا کارەکانیان لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ بە شێوەیەکی کاتی رابگرن.
وەکو کۆمپانیاکە دەڵێت، یەکێک لەو شوێنانەی کراوەتە ئامانج، بریتی بووە لە تانکییەکی بچووکی کۆگەکردن لە تاوکێ؛ بەئامانجگیراوەکەی دیکە بریتی بووە لە کەرەستەکانی چارەسەرکردنی سەر رووی زەوی لە پێشخابوور.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆمپانیاکە، کەس بریندار نەبووە، "هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان دەستی پێکردووە و کۆمپانیاکە پێشبینی دەکات دوای تەواوبوونی هەڵسەنگاندنەکە بەرهەمهێنان دەستپێبکاتەوە."
دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەتە سەر سێ کێڵگەی نەوتی لە سنووری زاخۆ و دهۆک.
دژە تیرۆری کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 16-07-2025 رایگەیاند، "بەگوێرەی زانیارییەکانمان، بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کاژێرەکانی 6:00 و 6:15 لە رێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتیی DNO لە پێشخابوور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ."
هاوکات دژەتیرۆری کوردستان دەشڵێت، "لە کاژێر 7:00 لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتیی DNO لە تاوکێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ."
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی دژە تیرۆری کوردستان، "لە کاژێر 7:14 لە رێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرایە سەر کێڵگەی نەوتی هەنت ئۆیڵی ئەمریکی لە باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆک، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و مادیی لێ نەکەوتەوە."