کشتوکاڵی ورمێ: دەکرێت ئەم ساڵ 220 هەزار تۆن ترێمان هەبێت
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ دەڵێت، رووبەری باخ و رەزی ترێ لە پارێزگاکە زیاتر لە 22 هەزار هێکتارە.
ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئەیلوولی 2025 محەممەد رەزا ئەسغەری، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، "وەرزی لێکردنەوەی ترێ لە باخ و رەزی پارێزگاکە بەڕێوەدەچێت، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەم ساڵ بگاتە 220 هەزار تۆن."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ورمێ گوتی، "رووبەری رەز و باخی ترێ لە پارێزگای ورمێ 22 هەزار هێکتارە، کە 16 هەزاری بەراو و 6 هەزاریشی دێمە."
ئەسغەری ئاماژەی بەوەش کرد، "ترێ دووەم بەرهەمی پارێزگاکەیە و 30 هەزار کەس راستەوخۆ لە بەرهەمهێنانییدا کاردەکەن و هەلی کاری بۆ زیاتر 30 هەزار کەسی دیکەش رەخساندووە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی ورمێ، ئەو پارێزگایە لە پلەی چوارەمی ئێراندایە لە رووی بەرهەمهێنانی ترێوە.
محەممەد رەزا ئەسغەری گوتیشی، "زیاتر لە 60 جۆر ترێ لە پارێزگای ورمێ بەرهەم دەهێندرێ و 40٪ بەرهەمەکە بۆ پارێزگاکانی دیکەی ئێران و دەرەوەی ئێران هەناردە دەکرێت."