نرخی مسقاڵێک زێڕ 10 هەزار دیناری دیکە بەرزبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
نرخی زێڕ لە بەرزبوونەوە بەردەوامە و بەراورد بە دوێنێ، ئەمڕۆ مسقاڵێک 10 هەزار دیناری دیکە بەرزبووەوە و ژمارەیەکی پێوانەیەیی نوێی تۆمارکرد.
عەبدوڵڵا ئەکرەم، جێگری سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 ئەمڕۆ بە 870 هەزار دینارە؛ عەیاری 18 بە 745 هەزار و عەیاری 22 بە 912 هەزار دینارە".
ئەمڕۆ نرخی ئۆنسەیەک زێڕ لە بازاڕەکانی جیهان 4 هەزار و 230 دۆلاری تێپەڕاند.
لە کاتی کرانەوەی بازاڕەکانەوە لە دووشەممەی ئەم هەفتەیەوە، نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ 200 دۆلار بەرزبووەتەوە.
شرۆڤەکارانی بانکی ANZ دەڵێن، بە ئەگەری زۆرەوە بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ بەردەوام دەبێ، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی ناسەقامگیرییە ئابووری و جیۆسیاسییەکان و پێشبینیی کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە کۆتایی ئەم مانگه لە لایەن بانکی ناوەندیی ئەمریکاوە.
شرۆڤەکارانی بانکەکە لە یاداشتێکدا دەڵێن: "بەرزبوونەوەی ئێستای نرخ پاڵنەری راستەقینەی هەیە، ئەوەش ئاماژەی بەردەوامیی بەرزبوونەوەیە".