سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: بە ئەگەرێکی زۆرەوە هەفتەی داهاتوو داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا دەنێردرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایگەیاند، وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی ئاب و ئەیلوول لە یەک کاتدا دەکرێ؛ باسی لەوەشکرد:"چاوەڕێی بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی ئابین بۆ ناردنی داهاتی نانەوتی، کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەبێت."
 
رۆژی پێنجشەممە، 16ـی تشرینی یەکەمی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "داهاتی نانەوتی ئامادەیە، هەموو رێکارەکان تەواو کراون، دوای ئەوەی نووسراوی فەرمی لەبارەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان گەیشتە وەزارەتی دارایی عێراق، ئەوکات داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا دەنێرین."
 
لەبارەی دواکەوتنی مووچە، ئەو سەرچاوەیە گوتی، "وردبینی لە لیستی مانگی ئاب و ئەیلوول لەیەککاتدا دەکرێت، ئەمەش بووەتە هۆکاری دواکەوتنی مووچە، بەڵام ئەگەر هەیە مووچەی مانگی ئاب لە هەفتەی داهاتوودا خەرجبکرێت و راستەوخۆ داهاتی نانەوتی کە 120 ملیار دینارە بۆ بەغدا دەنێردرێت."
 
بە گوتەی سەرچاوەکەی رووداو، "بەهۆی بەردەستنەبوونی پارەی نەختینە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەغدا ناتوانێت دوو مووچە لە یەککاتدا بنێرێت و هەفتەی داهاتوو تەنیا هیی مانگی ئاب دەنێرێت، بەڵام وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی ئەیلوولیش تەواو دەکات."
 
رۆژی 12-10-2025، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "کەی حکومەتی فیدراڵی بڕیاری خەرجکردنی مووچەیان دا، دەستبەجێ پشکی فیدراڵی لە داهاتی نێوخۆ دەخەینە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ."
 
رۆژی 23-09-2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بڕیاری دا مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.