نەوزاد شێخ کامیل: ساڵی رابردوو بە بەهای 15.4 ملیار دۆلار کاڵا هاوردە کراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، ساڵی رابردوو لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان جموجۆڵی بازرگانی زیادیکردووە و بە بەهای 15.4 ملیار دۆلار کاڵا هاوردە کراوە.
رۆژی سێشەممە 17-01-2023 نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەشازیی هەرێمی کوردستان میوانی بوولتەنی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکەشیدەکات و رایگەیاند: "پار بە بەهای زیاتر لە 15 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار کاڵا هاوردەکراوە و سێ هەزار و 500 مامەڵەی بازرگانی کراون."
نەوزاد شێخ کامیل گوتی: "لە دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل بە بەهای زیاتر لە 9 ملیار دۆلار کاڵا هاوردەکراوە و لە حاجی ئۆمەران بە بەهای 490 ملیۆن دۆلار، باشماخ بە بەهای یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار و لە پەروێزخانیش بە بەهای زیاتر لە 581 ملیۆن دۆلار کاڵا هاوردەکراوە."
لەبارەی جۆری ئەو کاڵایانەی هاردەکراون، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "زۆربەیان کاڵای پیشەسازی، دەرمان، ڤێتەرنەری، خۆراک، کشتوکاڵیی، جلوبەرگ و جگەرە بوون."
بە گوتەی نەوزاد شێخ کامیل، ساڵی 2022 بە بەهای 672 ملیۆن دۆلاریش کاڵا لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردەکراوە کە بریتیبوون لە کانزای لەکارکەوتوو، جوجکە، چپس، تەحین، خورما و هەنار و دۆشاو.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم لەبارەی جموجۆڵی بازرگانی لە دەروازە نێودەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: گەشەی بازرگانی ساڵی 2022 لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەچاو ساڵی پێشووتر زیادیکردووە، بەڵام ئەو گەشەکردنە لە دەروازەیەکەوە بۆ دەروازەیەکی دیکە جیاواز بووە.
نەوزاد شێخ کامیل دەڵێت، لەکۆی ئەو 15 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار کاڵایەی هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە، زۆربەی بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق رۆیشتووە و نزیکەی 30٪ تاوەکو 35٪ی بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان بووە.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم پێیوایە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار و ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر کەرتی بازرگانی نەبووە و گوتی: "لەماوەی 15 رۆژی ساڵی 2023 زیاتر لە 130 مامەڵەی بازرگانی بە بەهای زیاتر لە 470 ملیۆن دۆلار لە هەرێمی کوردستان کراوە و بە بەراورد لەگەڵ دوو هەفتەی سەرەتای پار رێژەکە زیادیکردووە."
بە گوتەی نەوزاد شێخ کامیل، ناکۆکییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی تا رادەیەک ترس و شڵەژاوی لای بازاڕ و هاووڵاتییان دروستکردووە و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاریش نرخەکانی گرانکردووە، بەڵام لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بازرگانی و چاودێری بازرگانی، لیژنەکانی چاودێری بازرگانی و قایمقامیەت و ئاسایشی ئابووری لەسەرهێڵن بۆ ئەوەی رێگە لەوە بگرن بازاڕ لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت.
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان بەوەی کاڵایەکی خۆراکی زۆر لە هەرێمی کوردستاندا هەیە و دەڵێت: "بەشە خۆراکی دوو مانگی هاووڵاتییان لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە رەوانەکراوە و لەم چەند رۆژەی داهاتوودا بەشەخۆراکی یەکەم مانگی ئەمساڵ بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشدەکەین، بۆیە مەترسییەکی ئەوتۆ لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراکە سەرەکییەکان نییە."