100 دۆلار بە 160 هەزار و 600 دیناری عێراقییە؛ 'بازاڕ ناجێگیرە و هەموو کەسێک شڵەژاوە'


رووداو دیجیتاڵ

100 دۆلاری ئەمریکی بە 160 هەزار و 600 دینارە؛ هاوکات 100 دۆلار بە چوار ملیۆن و 100 هەزار تمەنی ئێرانی مامەڵەی پێوە دەکرێت. ئەندامێکی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر دەڵێت: "بەهۆی ناجێگیریی بەهای دینار، خەڵکێكی زۆر زیانیان کردووە."
 
رۆژی سێشەممە، 17-01-2023، حاجی سابیر باواجی، ئەندامی ئەنجوومەنی گۆڕینەوەی دراو لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوای داخستنی بازاڕی دراو، 100 دۆلاری ئەمریکی بە 160 هەزار و 600 دینار مامەڵەی پێوەکرا، لە کاتێکدا دەوروبەری کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ، 100 دۆلاری ئەمریکی بە 161 هەزار و 250 دینار مامەڵەی پێوەکرا.
 
لەبارەی تمەنیش، حاجی سابیر گوتی، 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەرە بە چوار ملیۆن و 100 هەزار تمەنی ئێرانی. 
 
ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق زیاتر لە 60 ملیۆن دۆلاری خستە بازاڕەوە، بەڵام بە گوتەی حاجی سابیر باواجی: "بازاڕ ناجێگیرە و هەموو کەسێک شڵەژاوە. خەڵکێکی زۆر زەرەریان کردووە. نرخی یەک تەبەقەی هێلکە گەیشتووەتە 7500 دینار و ئەوەش بەشی زۆری بەهۆی ئەم ناجێگیرییەی بەهای دینارەوەیە."
 
حاجی سابیر باواجی گوتیشی: "خەڵکێکی زۆر زەرەریان کردووە. من کە کاری خۆمە لە کڕین و فرۆشتن نزیکەی 46 ملیۆن دینار زەرەرم کردووە. خەڵک هەیە زیاتر لە 120 ملیۆن دینار زەرەری کردووە. ئەوەی ئێستا پێیدا تێپەڕدەبین، 'کارەساتە'."
 
بانکی ناوەندیی عێراق لە 20-12-2020 بڕیاری دا نرخی فرۆشتنی هەر دۆلارێکی ئەمریکی لە 1180 دینارەوە بۆ 1460 دینار زیاد بکات.
 
لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵی رابردوودا نرخی 100 دۆلار لەنێوان 148 هەزار بۆ 149 هەزار دینار بوو، بەڵام رۆژی 11-12-2022 بۆ یەکەمجار لەو ماوەیەدا 100 دۆلاری ئەمریکی 150 هەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند و لەو رۆژەوە ناجێگیرە. 
 
هەفتەی رابردوو، 100 دۆلاری ئەمریکی 161 هەزاری تێپەڕاند.