بڕیارێکی ئەمریکا نرخی زیوی دابەزاند
رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی داخرانی بازاڕەکانی جیهان نرخی ئۆنسەیەک زیو 2.44 دۆلار، یاخود 2.64٪ دابەزی و بە 90.11 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
بەم پێیە ئێستا لە بازاڕەکانی جیهاندا کیلۆیەک زیو بە 2,892 دۆلارە.
پێش داخرانی بازاڕەکان، زیو ئاستی 87.06 دۆلاریشی تۆمارکردبوو.
دابەزینی نرخی زیو دوای ئەوە هات حکومەتی ئەمریکا پاشەکشەی کرد لە بڕیاری سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر کانزا سەرەکییەکاندا.
هاوکات بەهێزبوونی نرخی دۆلار و کەمبوونەوەی گرژییە جیۆسیاسییەکان، وایکردووە وەبەرهێنەران بەشێک لە سەرمایەکانیان بفرۆشن بۆ بەدەستهێنانی قازانج، ئەمەش گوشارێکی زیاتری خستووەتە سەر کانزاکان.
ئەمە بەتایبەتی دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ پۆستێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نووسیویەتی، زۆر رێز لەو راستییە دەگرم کە تەواوی ئەو لەسێدارەدانانەی بڕیاربوو پێنجشەممە جێبەجێ بکرێن (کە زیاتر لە 800 کەس بوون)، لەلایەن سەرکردایەتیی ئێرانەوە هەڵوەشێندرانەوە.
سەرەڕای ئەم دابەزینەی کۆتایی هەفتە، هێشتا نرخی زیو بەراورد بە سەرەتای هەفتە بە رێژەی 10% بەرزبووەتەوە، کە دەکاتە 9 دۆلار.
هۆکاری سەرەکیی ئەم مانەوەیەش لە ئاستێکی بەرزدا بۆ رۆڵی ستراتیژیی ئەم کانزایە دەگەڕێتەوە لە پیشەسازییەکانی وزەی پاک و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوودا، کە وایکردووە خواست لەسەری بەردەوام بێت.