نرخی پلاتینیۆم نزیکەی 100 دۆلار دابەزی

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی پلاتینیۆم لە بازاڕەکانی جیهاندا پاشەکشەی کرد و لە ئاستە پێوانەییەکان دوورکەوتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا بە شێوەیەکی کاتی سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر کانزا هاوردەکراوەکاندا رابگرێت.
 
دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا نرخی پلاتینیۆم بەرزبوونەوەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد، لەکاتی داخرانی بازاڕەکاندا ئەم هەفتەیە، ئۆنسەیەک پلاتینیۆم 87 دۆلار دابەزی و بە 2322 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
پێش داخرانی بازاڕەکان، پلاتینیۆم ئاستی 2258 دۆلاریشی تۆمارکردبوو.
 
ئەم دابەزینە دوای ئەوە هات کە ئیدارەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، لەبری سەپاندنی پێناسێکی گومرگیی گشتگیر بەسەر کانزاکانی پلاتینیۆم، پۆلادیۆم و زیو، پەنا بۆ رێککەوتنی دووقۆڵی و دیاریکردنی "کەمترین ئاستی نرخ" دەبەن بۆ دڵنیابوونەوە لە دابینکردنی ئەو کانزا ستراتیژییانە.
 
هاوکات، نەرمبوونی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی سەرۆکی بانکی ناوەندی و ئاڵۆزییەکانی ئێران، وایکردووە وەبەرهێنەران کەمتر پەنا بۆ کڕینی کانزا گرانبەهاکان وەک "پەناگەی ئارام" ببەن.
 
ترەمپ رایگەیاندووە، هیچ پلانێکی نییە بۆ دوورخستنەوەی جێرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا.
 
ئەم هێوربوونەوەیە لە گرژییە سیاسی و ئابوورییەکان، گوشاری خستووەتە سەر نرخی کانزا گرانبەهاکان و بووەتە هۆی پاشەکشەی نرخەکانیان لە بازاڕە جیهانییەکاندا.