لە فلیپین نرخی کیلۆیەک پیاز گەیشتووەتە 12.8 دۆلار


رووداو دیجیتاڵ

لە فلیپین نرخی پیاز بەشێوەیەکی بەرچاو گران بووە و نرخی هەر کیلۆیەک لە 1.28 دۆلارەوە 12.8 دۆلار بەرزبووەتەوە.
 
بەرزبوونەوەی نرخی پیاز لەکاتێکدایە هەڵاوسان لە مانگی رابردوودا لەو وڵاتەدا گەیشتووەتە 8.7٪، بەڵام نرخەکانی خۆراک 11.2٪ بەرزبوونەتەوە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە دوای ساڵی 2009ـەوە. حکومەتەکەی فێردیناند مارکۆس، سەرۆکی وڵاتەکەش شکستی هێناوە لە کەمکردنەوەی نرخەکان.
 
پیاز خۆراکێکی سەرەکیی هاووڵاتییانی فلیپینە، لە مانگی نیساندا نرخی هەر کیلۆیەک پیاز لە فلیپین بە 70 پێسۆی فلیپینی بوو، کە دەکاتە دۆلارێک و 28 سەنت، ئێستا گەیشتووەتە 700 پێسو، کە دەکاتە 12 دۆلار و 8 سەنت، بەوەش نرخەکەی لە گۆشت گرانتر بووە.
 
هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی پیاز لە فلیپین دواکەوتنی هاوردەی پیازە لە لایەن ئەو وڵاتە؛ فلیپین بەشی زۆری پیازەکەی لە هیندستان و چینەوە هاوردە دەکات، بەڵام ئێستا بەهۆی سەپاندنی مەرجی تەندروستییەوە پیاز وەک پێشوو بە خێرایی ناگاتە ئەو وڵاتە.
 
جۆی رایس، کە خاوەن فرۆشگەی سەوزەومیوەیە لە فلیپین دەڵێت: "نرخی پیاز هاوشێوەی نرخی زێڕی لێهاتووە". هاووڵاتییەکی دیکەش دەڵێت: "نرخی پێداویستییەکانمان هێندە گرانبوون کە خەریکە هیچ نەخۆین".