ئەگەری ئاگربەستی رووسیا و ئۆکراینا نرخی نەوتی برێنتی دابەزاند
رووداو دیجیتاڵ
ئەگەری رێککەوتنی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لەسەر ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەڕ بە دەستپێشخەریی ئەمریکا، ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوتی برێنتی دابەزاندەوە بۆ کەمتر لە 75 دۆلار.
تەشەنەکردنی شەڕی بازرگانی نێوان ئەمریکا و هاوبەشەکانی لەلایەکی دیکەوە دەتوانێت خواست بۆ بەکارهێنانی نەوت لەلایەن کۆمپانیاکانەوە کەم بکاتەوە.
ئەمرۆ دووشەممە 17ی شوباتی 2025 نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنتی دەریای باکوور 20 سەنت دابەزی و بە 74 دۆلار و 59 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
هاوکات نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 23 سەنت دابەزی و بەرمیلێکی بە 70 دۆلار و 51 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەمزووانە ئەگەری هەیە لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆببێتەوە، بۆئەوەی کۆتایی بە شەڕی ئۆکراینا بهێنن.
کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکراینا و گەڕانەوەی نەوتی رووسیا گوشاری بۆ نرخەکانی نەوت دروستکردووە.
شرۆڤەکارانی سەر بە کۆمپانیای راوێژکاریی (نیسان سیکیوریتی) لەو بارەیەوە رایانگەیاند، "نرخی نەوت دابەزیوە لەبەر ئاسۆی کۆتایی پێهێنان بە شەڕی ئۆکراینا."