نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 35 دۆلار دابەزی؛ دوو رۆژی لەسەریەکە دادەبەزێت
رووداو-هەولێر
ئەمڕۆ سێشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ 35 دۆلار دابەزی و بە 4955 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، ئەمە دووەمین رۆژی لەسەریەکە نرخی زێڕ دابەزین تۆماردەکات.
ئەم دابەزینەی زێڕ لە کاتێکدایە کە قەبارەی مامەڵەکان بەهۆی پشووە فەرمییەکان لە چین و ئەمریکا کەمیان کردووە و بازاڕ چاوەڕوانی ئاماژەی نوێ لە بانکە ناوەندییەکان و گۆڕانکارییە جیۆسیاییەکان دەکات.
هەرچەندە نرخی زێڕ دابەزیوە، بەڵام داتاکانی هەڵاوسانی ئەمریکا کە هەفتەی رابردوو بڵاوکرانەوە و کەمتر بوون لە پێشبینییەکان، هیوای لای وەبەرهێنەران دروستکردووە کە بانکی ناوەندیی ئەمریکا ئەم ساڵیش بەردەوام بێت لە کەمکردنەوەی رێژەی سوود.
ئێستا بازرگانان پێشبینی دەکەن ئەم ساڵ، لانیکەم دوو جار رێژەی سوود کەمبکرێتەوە. کەمکردنەوەی رێژەی سوود بە گشتی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و دابەزینی نرخی دۆلار.
بڕیارە سبەی شەو، کۆنووسی کۆبوونەوەی لیژنەی بازاڕی کراوەی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بڵاوببێتەوە و دەکرێت ئاماژەی نوێی لەبارەی سیاسەتی نەختینەیی بانکەکە تێدا بێت، هەروەها رۆژی هەینیش کاژێر 16:30، ئاماری خەرجیی بەکاربردنی تاک لە ئەمریکا بڵاودەکرێتەوە.
ئەم داتایانە ئاڕاستەی داهاتووی سیاسەتی نەختینەیی ئەمریکا و نرخی دۆلار دیاری دەکەن، کە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر نرخی زێڕ دەبێت.
جگە لە لایەنی دارایی، دۆخی سیاسیی جیهانیش وەک فاکتەرێکی کاریگەر ماوەتەوە. بڕیارە ئەمڕۆ گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە شاری جنێڤ لە سویسرا دەستپێبکەنەوە.
هاوکات، بڕیارە خولێکی نوێی دانوستاندنەکانی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دەستپێبکات، لە کاتێکدا شەڕ و پێکدادانەکان لە مەیدانی جەنگدا بەردەوامن.
هەرچەندە زێڕ هەمیشە وەک "پەناگەیەکی ئارام" لە کاتی قەیرانەکاندا سەیر دەکرێت، بەڵام بەرەوپێشچوونی دانوستاندنەکان یان هەر ئاماژەیەکی ئەرێنی بۆ هێوربوونەوەی دۆخەکە، رەنگە گوشار بخاتە سەر نرخەکەی و زیاتر دایبەزێنێت، بە پێچەوانەشەوە هەر چەقبەستنێک لە گفتوگۆکاندا دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان.