رێکخراوێکی ئابووری پێشنیازێک بۆ چارەسەری کێشەی زیادبوونی گومرگ پێشكێش دەکات

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوێکی ئابووری هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر چارەسەرێکی بەپەلە بۆ زیادکردنی گومرگ نەکرێت، بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان رووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی هەڵاوسان دەبنەوە و پێشنیاز دەکات حکومەت داشکاندنی گومرگی بۆ 75% زیاد بکات.
 
نزیکەی 50 رۆژە بەهۆی کارکردن بە رێنماییە گومرگییە نوێیەکانی حکومەتی عێراق، زیاتر لە 70 هەزار کۆنتێنەر لە کاڵا و کەلوپەلی بازرگانان لە بەندەرەکان و خاڵە سنوورییەکانی عێراق گیریان خواردووە. 
 
باوەڕ جەمال، شارەزای ئابووری و سەرۆکی رێکخراوی ئابووریکار، بە رووداوی گوت، "پێشنیازمان کردووە حکومەتـی عێراق گۆڕانکاری بکات؛ لەبری ئەوەی داشکاندنی 25% لە بەهای کاڵاکان بکرێت و دواتر باجیان لێ وەربگیرێت، رێژەی داشکاندنەکە بۆ 75% بەرز بکرێتەوە. ئەمە دەرفەتێکی باشە بۆ بازرگانان تاوەکو کۆنتێنەرەکانیان رەوانەی بازاڕ بکەن و رێگری لە هەڵاوسانی نرخ بکرێت."
 
سەرۆکی رێکخراوی ئابووریکار دەشڵێت: "ئەم پێشنیازە وەک نووسراوی فەرمی دراوەتە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق".
 
باوەڕ جەمال گوتی، "لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ فراکسیۆنە جیاوازەکان لە پەرلەمانی عێراق قسەمان کردووە، ئەوەشی تائێستا هەیە، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان پشتیوانییان نەکردووین و دەڵێن، هەولێر و بەغدا لەسەر ئەسیکۆدا رێکنەکەوتوون".
 
باوەڕ جەمال دەڵێت، "لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن پشتیوانیمان لێدەکەن، بەڵام بەشێکی دیکەش دەڵێن، پرسی زۆر گەورە و جۆرێک لە پشێوی لە پەرلەمانی عێراق هەیە، بەتایبەتی کە هێشتا بەربژێری سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆماری عێراقیش هەڵنەبژێردراون". گوتیشی، پەیوەندییان بە دەستەی گشتیی گومرگەکانی عێراقیش کردووە، بەڵام ئەوان پێیانگوتوون رژدن لەسەر جێبەجێکردنی سیستمەکە.
 
سەرۆکی رێکخراوی ئابووریکار گوتیشی، چەندین بازرگان پەیوەندییان پێوەکردوون کە هاوردەی کاڵایان راگرتووە. دەشڵێت، بە بەردەوامیی بڕیارەکە، نرخی کاڵاکان گرانتر دەبێت و دیناریش زیاتر دادەبەزێت، چونکە بازرگانانی دەرەوەی سیستمی ئەسیکۆدا ناچار دەبن لە بازاڕەکان دۆلار بکڕن.
 
بەپێی ئەو داتا و راپۆرتانەی دەست رێکخراوی ئابووریکار کەوتوون، کە پشتیان بە ئامارەکانی بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی بەستووە، ئێستا بە بەهای نزیکەی 5 ملیار دۆلار کاڵا لە خاڵە گومرگییەکان و بەندەرەکانی عێراق راگیراون، هاوکات مامەڵە داراییەکانی بازرگانان بە بەهای 4 ملیار دۆلار پەکیکەوتووە."
 
لە 1ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە حکومەتی فیدراڵی پێناسی نوێی گومرگی کارا کرد، کە رێژەکەی لەنێوان 5% بۆ 30%ـە و پێویستە لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆدا و دانی پێشوەختەی گومرگ کاڵا هاوردە بکرێ.
 
ئەمە لەکاتێکدایە هێشتا هەولێر و بەغدا لەسەر جێبەجێکردنی سیستمەکە لە هەرێمی کوردستان رێکنەکەوتوون.