دامەزراوەی کپلەر: رێککەوتنی ئەمریکا و ئێران نرخی نەوت دادەبەزێنێت

رووداو دیجیتاڵ

دامەزراوەی کپلەر بۆ توێژینەوەی وزە رایگەیاند، هەر رێککەوتنێک لەنێوان ئێران و ئەمریکا نرخی نەوت 4 بۆ 5 دۆلار دادەبەزێنێت، بەڵام لە ئەگەری شکست و هێرشکردنە سەر ئێران، نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە و ئەگەر گەرووی هورمزیش دابخرێت، دەگاتە 150 دۆلار.
 
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، گەڕی دووەمی دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە شاری جنێڤ لە سویسرا بەڕێوەبچێت.
 
هۆمایۆن فەلەکشاهی، شرۆڤەکاری باڵای نەوت لە دامەزراوەی کپلەر بۆ توێژینەوە لە بواری وزە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە ئەگەری سەرکەوتنی دانوستاندنەکان، دەکرێت قەبارەی هەناردەی نەوتی ئێران زیادببێت.
 
بەپێی پێشبینیی فەلەکشاهی، لە ئەگەری نەمانی مەترسییە جیۆسیاسییەکانی پەیوەست بە ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، نرخی نەوت راستەوخۆ 4 بۆ 5 دۆلار دادەبەزێت.
 
لەبارەی کاریگەریی رێککەوتنەکە لەسەر بازاڕ، شرۆڤەکارەکەی کپلەر گوتی، لە مەودای مامناوەنددا هەناردەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان 200 بۆ 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا زیاد دەبێت.
 
زۆرترین هەناردەی نەوتی ئێران بۆ چینە؛ بە گوتەی فەلەکشاهی، هەر رێککەوتنێک هانی پاڵاوتگە چینییەکان دەدات هاوردەی نەوتی ئێران تاوەکو 200 هەزار بەرمیلی رۆژانە زیاتر بکەن، "بەڵام توانای زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی ئێران سنووردارە و پێویستی بە وەبەرهێنان هەیە، ئەوەش بە سووککردنی سزاکان دەستەبەر دەبێت."
 
سیناریۆی جەنگ و داخستنی هورمز
 
شرۆڤەکارەکەی کپلەر سیناریۆی شکستھێنانی دانوستاندنەکانیشی بۆ رووداو روونکردەوە و گوتی، لە ئەگەری هەڵکشانی گرژییەکان، بەتایبەتی ئەگەر بگاتە ئاستێک ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران، نرخی بەرمیلێک نەوت 15 بۆ 20 دۆلار گران دەبێت.
 
هۆمایۆن فەلەکشاهی گوتیشی: "ئەگەر ئێران بە داخستنی گەرووی هورمز وەڵامی ئەمریکا بداتەوە، ئەوکاتە دوور نییە نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە 150 دۆلاریش."
 
هەرچەندە فەلەکشاهی ئەمەی بە "ئەگەرێکی دوور" زانی، چونکە کارێکی لەو شێوەیە مەترسییەکی زۆری بۆ ئێرانیش دەبێت و کاریگەریی نەرێنیی گەورەی لەسەر چین و وڵاتانی ناوچەکەش دەبێت.
 
گەرووی هورمز رێڕۆیێکی گەورەی بازرگانییە و رۆژانە نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوت لەوێوە بۆ بازاڕەکانی جیهان دەگوێزرێتەوە.
 
بەپێی ئەو داتایانەی دەست رووداو کەوتوون، لە مانگەکانی ئاب تاوەکو ئەیلوولی 2025، تێكڕای هەناردەی نەوتی ئێران ملیۆنێک و 750 هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە. لە تشرینی دووەمی پار تاوەکو کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، هەناردە بۆ ملیۆنێک و 530 هەزار بەرمیل دابەزیوە. ئێستا ئێران رۆژانە نزیکەی 3 ملیۆن و 100 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت (توانای تاوەکو 3.45 ملیۆن هەیە).
 
مانگی رابردوو ئێران رۆژانە ملیۆنێک و 342 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی چین کردووە، لەکاتێکدا کانوونی دووەمی پار ملیۆنێک و 874 هەزار بەرمیل بووە.