نرخی نەوتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوو؛ لە دووبەی بەرمیلێک 153 دۆلارە

 
رووداو دیجیتاڵ

نرخی نەوتی خاوی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوو و گرانترین جۆری نەوت لە جیهان.
 
ئەو نەوتەی نرخی بەرزبووەتەوە، زیاتر هەناردەی وڵاتانی ئاسیا دەکرێ، ئەوەش نرخ لەسەر پاڵاوگەکانی ئاسیا زیاد دەکات و ناچاریان دەکات لە مانگەکانی داهاتوودا بەدوای جێگرەوەدا بگەڕێن یان بەرهەمهێنان زیاتر کەمبکەنەوە.
 
نرخی نەوتی دووبەی بۆ 153.25 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەتەوە کە ئاستێکی پێوانەیی نوێیە و نرخی مێژوویی پێشووی نەوتی برێنتی لە ساڵی 2008دا تێپەڕاند کە ئەو کاتە 147.50 دۆلار بوو.
 
بە هەمان شێوە، نرخی نەوتی عومان ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمارکرد و گەیشتە 147.79 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
 
نرخی نەوتی عێراقیش بۆ بەرمیلێک نەوتی مامناوەندی بەسرە بە 119.24 دۆلارە؛ بۆ بەرمیلێک نەوتی قورسی بەسرەش 117.29 دۆلارە.
 
سێ سەرچاوەی بازرگانی بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، نرخی نەوتی دووبەی ناجێگیر و ناسرووشتییە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی زۆری نرخەکەی لەگەڵ نەوتی جۆری موربانی هەمان وڵات کە بە 111.76 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەدەکرێ.
 
داتاکانی کۆمپانیای کپلەر بۆ توێژینەوەی بواری وزە دەریانخستووە، هەناردەی نەوتی خاوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ ئاسیا لە مانگی ئاداردا بۆ 11.665 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە، لە کاتێکدا لە مانگی شوباتدا نزیکەی 19 ملیۆن بەرمیل بوو، ئەمەش بەهۆی راوەستانی جووڵەی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز بەهۆی شەڕەوەیە.
 
هەندێک سەرچاوەی کەرتی پاڵاوگەکان، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخ بۆ کەمیی ئەو نەوتە دەگەڕێننەوە کە بۆ رادەستکردن بەردەستە.
 
یەکێک لە سەرچاوەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، گوتی، "ئەمە نرخاندنێکی ناسرووشتی و نادادپەروەرانەیە بەهۆی کەمیی بازرگانییەوە."
 
سەرچاوەیەکی دیکەی پاڵاوگەکان گوتی، بازرگانیی نەوتی خاوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست وەستاوە، چونکە پێوەرەکانی دووبەی و عومان "شکاون."
 
بازرگانان دەڵێن، کۆمپانیای تۆتاڵ ئینێرجی، تاکە کڕیار بووە کە باری نەوتی وەرگرتووە. داتاکان دەریانخستووە، کۆمپانیا فەرەنسییەکە ئەم مانگە 24 باری نەوتی خاوی عومان و موربانی کڕیوە، کە دەکاتە 12 ملیۆن بەرمیل.