ئێران: هەناردەی نەوت بەردەوامە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی لیژنەی وزە لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، سەرەڕای هەڕەشەکان، پرۆسەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بەبێ وەستان بەردەوامە و هۆشداریش دەداتە ئەمریکا و ئیسرائیل کە رێگەیان پێنادرێت بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن.
مالک شەریعەتی، گوتەبێژی لیژنەی وزەی پەرلەمانی ئێران (ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامی)، دوای سەردانیکردنی دوورگەی خارگ، تیشکی خستە سەر دۆخی ناوچەکە و دەڵێت، "ژیان لە دوورگەی خارگ بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە؛ کارمەندانی کەرتی نەوت بە ورەیەکی بەرزەوە خەریکی کارن و بەهۆی هەوڵە شەو و رۆژییەکانی ئەوانەوە، هیچ وەستانێک لە هەناردەکردنی نەوتدا رووی نەداوە."
گوتەبێژی لیژنەی وزە پەیامێکی تووندی ئاراستەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کرد و رایگەیاند، "هەناردەی نەوتی وڵات بەردەوامە، بەڵام کەشتییەکانی دووژمنانی ئێمە، لەوانە ئەمریکا و رژێمی زایۆنی و هاوپەیمانەکانیان، رێگەیان پێنادرێت لە گەرووی هورمز تێپەڕبن."
شەریعەتی هۆشداریی دا لە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر کەرتی وزەی وڵاتەکەی و گوتی، "ئەگەر دووژمنان چاویان لە دوورگەی خارگ بێت، دەبێت ئەوە بزانن کە سووکایەتی و شکستێکی زۆر گەورەتر لەوەی گەرووی هورمز چاوەڕێیان دەکات؛ ئەو دوورگەیە دەبێتە گۆڕستان بۆ هەر دەستدرێژیکارێک."