18 رۆژ جەنگ و هەرەسی ئابووریی کەنداو
بۆ چەندین دەیە، تەلارە بەرزەکانی دووبەی و کێڵگە گازییە گەورەکانی قەتەر وەک سیمبوولەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ دەبینران؛ جیهانێکی بریقەدار و دەوڵەمەندبوون بە زێڕ و پەیوەندیی نێودەوڵەتی بەرفراوان، بەڵام ئەمڕۆ، لە 18ەمین رۆژی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دا، ئەم جیهانە دەلەرزێت و ئەگەر شەڕەکە درێژە بکشێت بەرەو هەڵوەشانەوە دەڕوات.
ئەوەی لە 28ی شوبات بە "ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستان ئاسا" دەستیپێکرد، ئێستا گۆڕاوە بۆ مەترسییەکی گەورەی ئابووریی وڵاتانی کەنداو. لە کاتێکدا جیهانییان چاویان لەسەر ژمارەی مووشەکەکانە، وێرانکارییە راستەقینەکە لەنێو خشتەی داتای بەندەرەکان، وشکبوونی وێستگەکانی شیرینکردنی ئاو و چۆڵبوونی هۆتێلە رازاوەکان، کاریگەریی خۆی دەردەخات.
خنکاندنی ئابووری تەنیا نەوت نییە
تەنگەی هورمز، کە گرنگترین شادەماری بازرگانیی جیهانە، ئێستا بووەتە گۆڕستانی بازرگانی. لەوکاتەوەی ئێران لەچواری ئادار دا گەرووەکەی بە "داخراو" ناوبرد، جووڵەی کەشتییەکان تێیدا نزیکبووەتەوە لە ئاستی سفر.
تەنگەی هورمز تەنیا لەڕووی وزەوە گرنگ نییە کە زیاتر لە 20٪ـی نەوت و گازی جیهانی پێدا دەڕوات، بەڵکو پەیینی کیمیایی پێدا دەڕوات کە بۆ کشتووکاڵ گرنگە و گازی (هیلیۆم)یش کە بۆ پیشەسازیی بەرهەمهێنانی چیپ زۆر گرنگە. هیلیۆم کە یەکێکە لەو گازانەی لە ئەنجامی پاڵاوتنی گازی سرووشتی لە رێگەی پرۆسەیەکی پیشەسازیی ئاڵۆزەوە بەرهەم دێت، بەرهەمهێنانی لە قەتەر بە تەواوی وەستاوە. هیلیۆم بۆ ساردکردنەوە لە پیشەسازی بەرهەمهێنانی چیپی ئەلێکترۆنی بەکاردێت و قەتەر بە تەنیایی 35٪ـی پێویستی پیشەسازی جیهان بەو گازە دابین دەکات.
(کرەیگ گێسکی) شارەزای گواستنەوە سەر بە کۆمپانیای (ترافیکس) هۆشداری دەدات و دەڵێت: "کاریگەرییە سەرەتاییەکانی داخرانی تەنگەی هورمز لەسەر گواستنەوەی دەریایی لەوانەیە 10 بۆ 14 رۆژ بخایێنێت تاوەکو دەردەکەون، بەڵام گوشاری راستەقینە لەنێوان 2 بۆ 5 هەفتەی داهاتوو دەست پێدەکات، کاتێک بەندەرەکان قەرەباڵخ دەبن و خواست لەسەر شتومەک لە توانای گواستنەوەی کەشتییە بازرگانییەکان تێدەپەڕێت".
کرەیگ دەڵێت "شەپۆلی دووەمی شۆکەکە کە هەرەسهێنانی تەواوی زنجیرەی دابینکردنی پێداویستی کڕیاران و پیشەسازییەکانە، گەیشتووەتە کەناراوەکان".
تەڵەی هەمەجۆرکردنی داهات
بۆ ماوەی 10 ساڵ، وڵاتانی کەنداو، سەتان ملیار دۆلاریان خەرج کرد بۆ ئەوەی ئابوورییان تەنیا پشت بە نەوت نەبەستێت. گەورەترین فڕۆکەخانە، ناوەندی دارایی جیهانی و پڕۆژەی گەشتیاریی گەورەیان دروستکرد. هەندێ لەو وڵاتانە، بە دیاریکراوی ئیمارات لە چەند ساڵی رابردوودا زۆر سەرکەوتووبوون لە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتیان، بەڵام جێگەی سەرنجە، لەم ساتەدا و لەم شەڕەدا دەرکەوت کە ئەو سەرکەوتنانە، بوونەتە خاڵی لاوازیان.
وەستانی چەقی بازرگانی ئیمارات: بەندەری جەبەل عەلی، کە نۆیەم قەرەباڵخترین بەندەری جیهانە و 22%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ئیمارات پێکدەهێنێت، لە یەکەم رۆژی جەنگ دا لێیدرا. پێوەری خانووبەرە لە بازاڕی دارایی دووبەی 30% دابەزیوە، کۆمپانیا و بانکە گەورەکانی وەک Citi و PwC ، شوێنەکانیان لە ناوچەی دارایی نێودەوڵەتیی دووبەی چۆڵ کردووە.
وەستانی دیدگای سعودیە: لە ریاز، وەبەرهێنان لە پڕۆژەکانی دیدگای 2030 وەک (نیۆم، پڕۆژەی دەریای سوور و قدییە) وەستاون. کرێکارە بیانییەکان کارەکانیان راگرتووە و تێچووی بیمە هێندە بەرزبووەتەوە کە پڕۆژە سێ تریلیۆن دۆلارییەکەی لەو وڵاتە بە کردەیی وەستاندووە.
جەنگی ئاو، هەڕەشەی مان و نەمان
ترسناکترین رەهەندی ئەم جەنگە بریتییە لە پەیوەندیی نێوان ئاو و وزە. لە ناوچەی کەنداو 100 ملیۆن کەس پشت بە 400 وێستگەی شیرینکردنی ئاوی دەریا دەبەستێت، ئاو تەنیا خزمەتگوزاری نییە، بەڵکو مەرجی مانەوەیە.
ئەم مەترسییە چیتر تیۆری نییە. لە رۆژی هەشتەم دا، درۆنێکی ئێرانی زیانی بە وێستگەیەکی شیرینکردنی ئاو لە بەحرەین گەیاند. لە دووبەی، هێرشەکان تەنیا 20 کیلۆمەتر لە کۆمەڵگەی جەبەل عەلییەوە دووربوون، کە ساڵانە 600 ملیار لیتر ئاو بەرهەم دەهێنێت.
قەتەر پێشتر هەڵسەنگاندنی کردووە کە ئەگەر رێکاری بەپەلە نەگرێتەبەر، تەنیا لە سێ رۆژدا ئاوی خواردنەوەیان لێ دەبڕێت. وەک (زەین سوانسۆن)، شرۆڤەکاری سەر بە سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتجییەکان CSIS، دەڵێت: "نەمانی ئاوی خواردنەوە لە وڵاتانی کەنداو، گەورەترین مەترسییە بۆ دانیشتووانی."
ژمارەکان لە بەرژەوەندیی کێدا نین؟
ئەو زیانە ئابوورییانەی کە وڵاتانی کەنداوی گرتووەتەوە، سنووردار نییە بە هەناردەکردنی نەوت و گاز، بەڵکو هەرەسێکی گشتگیری ئابوورییە کە تەواوی کەرتەکانی گرتووەتەوە. لە کاتی داخستنی تەنگەی هورمز لە چواری ئادارەوە، شادەماری بازرگانیی ناوچەکە پچڕاوە. ئێستا زیاتر لە 150 کەشتی نەوتهەڵگر لە ئاوەکاندا گیریان خواردووە و هاتووچۆی دەریایی بۆ کەمتر لە 10%ی ئاستی ئاسایی خۆی دابەزیوە.
ئەم پەککەوتنە بووەتە هۆی راوەستانی هەناردەی رۆژانەی نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و، یەک لەسەر پێنجی بازرگانیی گازی سرووشتیی شلکراو LNG لە جیهان دا. بەهۆی ئەم دۆخەوە، کۆمپانیای (قەتەر ئینێرجی) ناچاربووە باری نائاسایی لە تەواوی کێڵگە گازییەکانیدا رابگەیێندرێت. گەورەترین کۆمەڵگەی گازی جیهان لە "رەئس لافان" بە تەواوی لەکارکەوتووە. لێکەوتەکان کەرتی فڕۆکەوانی و گەشتیاریشیان وێرانکردووە؛ زیاتر لە 40 هەزار گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێندراونەتەوە و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دووبەی کە قەرەباڵخترین فڕۆکەخانەی جیهانە دوای بەرکەوتنی چەندین هێرشی راستەوخۆ، زیانی ملیاران دۆلاری بەرکەوتووە. زیانە رۆژانەکانی کەرتی گەشتیاری لە وڵاتانی کەنداو گەیشتووەتە 600 ملیۆن دۆلار. بەوپێیەش تەنیا لە ماوەی 18 رۆژدا کۆی گشتیی زیانەکان 10.8 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
قەیرانەکە بەهۆی هەرەسێکی قووڵی بنەمایی لە کەرتە نانەوتییەکاندا قووڵتر بووەتەوە. بازاڕی خانووبەرە تووشی داڕمان بووە. پێوەری خانووبەرە لە بازاڕی دارایی دووبەی بە رێژەی 30% دابەزیوە و تەنیا لە ئیمارات بە بەهای 36 ملیار دۆلار پڕۆژەکانی خانووبەرەی پەکیان کەتووە. هاوکات، بە ئامانجگرتنی وێستگەکانی شیرینکردنی ئاو کە 90% بۆ 100%ی ئاوی خواردنەوەی وڵاتانی وەک کوێت و قەتەر دابین دەکەن، جەنگە ئابوورییەکەی گۆڕیوە بۆ باری نائاسایی و مەترسیی مرۆیی.
ئەوەی دۆخەکەی خراپتر کردووە، "هاوکێشە ناهاوسەنگەکەی" بەرگریی ئاسمانییە؛ وڵاتانی کەنداو لە ماوەی 18 رۆژدا نزیکەی 3.5 بۆ 6 ملیار دۆلاریان لە مووشەکی بەرگری خەرجکردووە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران، لە کاتێکدا تێچووی هێرشەکانی ئێران تەنیا بەشێکی زۆر کەمی ئەو بڕەیە و لەنێوان 194 بۆ 391 ملیۆن دۆلاردایە. لەگەڵ کەمبوونەوەی کۆگاكانی خۆراک و بلۆککردنی 80% بۆ 90%ی هاوردەی پێداویستییەکان بەهۆی داخستنی بەندەرەکان و بەرزبوونەوەی نرخی بیمە، ناوچەکە رووبەڕووی پاشەکشەی 12% بۆ 15%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی و ئەگەری هەرەسهێنانی دارایی دەبێتەوە لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا.
ئاسۆی سێ مانگی داهاتوو
ئەگەر ئەم جەنگە بگاتە 90 رۆژ، لەوانەیە وڵاتانی کەنداو بەوشێوەیەی کە دەیانناسین، نەمێنن. بەپێی هەڵسەنگاندنەکان و مۆدێلە بیرکارییەکان دۆخی وڵاتان لە ئەگەری درێژەکێشانی شەڕ بەم شێوەیەیە دەبێت.
قەتەر و کوێت: رووبەڕووی پاشەکشەی 14%یی لە گەشەی ئابووری دەبنەوە، ئەم وڵاتانە ناچاردەبن 100 ملیار دۆلار لە سندووقە سەروەرییەکانیان دەربێنن تەنیا بۆ ئەوەی ژیان بەردەوام بێت.
بەحرەین: بەهۆی ئەوەی قەرزەکانی گەیشتووەتە 146%ی کۆی بەرهەمی نیوخۆیی، بەحرەین لە لێواری هەرەسی سیستماتیکدایە. ئەگەر سعودیە بە هانایەوە نەچێت، تاوەکو مانگی حوزەیران تووشی مایەپووچبوون دەبێت.
تەنگژەی جیهانی: لە مانگی دووەمی جەنگ دا، جیهان دەچێتە نێو سستییەکی ئابووریی قووڵەوە. گەشەی چین بۆ کەمتر لە 3% دادەبەزێت و ئەورووپا دەگاتە خاڵی سفر لە گەشەی ئابووری.
برینە قووڵەکان
تەنانەت ئەگەر ئەم شەو ئاگربەست واژۆبکرێت، زیانەکان گەورەن. ئەو "گرێبەستە ئەمنییەی" کە رووخساری وڵاتانی کەنداوی لە 50 ساڵی رابردوودا پێناسە دەکرد، ئێستا درزی تێکەوتووە. ئەو گرێبەستە نەناسراوە ئەمە بوو، (سەقامگیرکردنی بازاڕی وزە لەلایەن وڵاتانی کەنداوەوە لە بەرامبەر پاراستنیان لەلایەن ئەمریکاوە).
کەنداوی ساڵی 2026 چیتر ئەو ناوەندە بەهێزەی بازرگانیی جیهانی نییە کە مایەی شانازی ئەو وڵاتانە و سەسوورمانی خەڵکی گەشتیار و وڵاتانی دیکە بوو. لە وەستانی کرەینەکانی پرۆژەی (نیوۆم)ـی سعودیەوە، تاوەکو فرۆکەخانە چۆڵەکانی ئیمارات، هەموو ئاماژەن بۆ لەرزۆکبوون و ئەگەری هەرەسهێنانی گەورەترین ئەزموونی ئابووریی سەدەی بیستویەک.