نرخی خانوو و زەوی لە هەڵەبجە بەرزدەبێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەڵەبجە دەڵێت، لەدوای بەپارێزگاکردنیەوە، نرخی زەوی و خانووبەرە لە هەڵەبجە بەرزبووەتەوە.

تاهیر شێخ عیزەدین، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجە دەڵێت، "بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەبێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی شارەکەدا، چونکە خەڵکەکەی لەڕووی دەروونییەوە ئاسوودە دەبن".
 
شێخ تاهیر دەڵێت، پێشتر لە عێراق بەزۆر جێگەی خۆیان کردبووەوە. وەکو ژووری بازرگانی و پیشەسازی بە هەوڵێکی زۆر ببوونە ئەندام لە یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و مافی دەنگدانیشیان لە هەڵبژاردنەکاندا نەبوو، بەڵام لەمەودوا ئەو مافەیان دەبێت.
 
شێخ تاهیر شێخ عیزەدین لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی ئابووریی کاژێر 09:00ـی رۆژی چوارشەممە 16-4-2025ـی رووداو کە محەممەد شێخ فاتیح پێشكێشی کرد، گوتی، "وەکو ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەڵەبجە هەزار و 700 ئەنداممان هەیە. دوای بڕیاری بەپارێزگاکردنەکە، پێشبینی دەکەین ژمارەی ئەندامەکانمان زیادبکات. مەرجی بەئەندامبوونیش ئەوەیە کەسەکە پڕۆژەی لە هەڵەبجە هەبێت، ئەگەر خەڵکی پارێزگەکەش نەبێت"
 
بە گوتەی سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەڵەبجە، "ئەو بازرگانە گەورانەی پڕۆژەکانیان زیاتر لە 75 ملیۆن دینارە، مۆڵەتەکەی دەچێتە لای وەزارەتی بازرگانی و لای ژووری بازرگانیی ئەوان نامێنێت". دەشڵێت، "دوای پەسندکردنی بەپارێزگاکردنی، هەڵەبجە سوودمەند دەبێت لە کۆمەڵێک شایستە؛ لەمەودوا پشکی خۆی لە حکومەتی خۆجێیی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمان دەبێت و زیاد دەکات".
 
شێخ تاهیر داوا دەکات کۆمەڵێک باڵەخانەی ئیداری و بەڕێوەبەرایەتییەکان لە هەڵەبجە بکرێنەوە: "ئەوەش هەلی کار دروست دەکات". گوتیشی، "لە رێگەی کردنەوەی لقی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانەوە، دەتوانین داهاتی هەڵەبجە زۆر زیادبکەین".
 
بە گوتەی شێخ تاهیر شێخ عیزەدین، "لەدوای پەسندکردنی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە، لە دوێنێوە نرخی زەویوزار و خانووبەرە لە هەڵەبجە بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە؛ نرخی هەندێک پارچە زەوی پێش بڕیارەکە 5 هەزار دۆلار بووە، ئێستا بە زیاتر لە 8 هەزار دۆلارە".
 
هەڵەبجە دوو دەروازەی سنووری لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە، ئەوانیش دەروازەکانی شوشمێ و پشتەن، شێخ تاهیر گوتی، دەکرێت داهاتی هەردوو دەروازەکە بدرێتەوە بە هەڵەبجە کە ئێستا دەچێت بۆ ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای سلێمانی، هەرچەندە بە بڕیاری حکومەت، 20٪ـی داهاتی ئەو دەروازانە دەگەڕێنەوە بۆ هەڵەبجە". 
 
سەبارەت بە داهاتەکانی هەڵەبجەش، سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەڵەبجە گوتی: "دەکرێت ماوەی یەک ساڵ هەرچی داهاتی هەڵەبجە هەیە، بکرێتە پڕۆژە بۆ پارێزگای هەڵەبجە و نەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی".
 
لەبارەی پێویستییەکانی هەڵەبجەش، شێخ تاهیر دەڵێت، "سێ پڕۆژە هەن کە هەڵەبجە ئێستا زۆر پێویستیەتی؛ شەقامێکی فراوان بە دەوری هەڵەبجە بۆ ئەوەی چوارچێوەی ماستەرپلانێک دابنرێت؛ هەرسێ دەروازەی هاتنە نێو هەڵەبجە کاری جیدییان لەسەر بکرێت؛ کردنەوەی مەرزی سازان تاوەکو ساڵی 2026".
 
سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەڵەبجە پێیوایە، ئەگەر ئەو سێ پڕۆژەیە بۆ هەڵەبجە بکرێن، جووڵەیەکی بازرگانیی و سەرمایەگوزاریی گەورە لە هەڵەبجە دروست دەبێت. 
 
رۆژی دووشەممە، 14ـی نیسان پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دا، بەوەش هەڵەبجە بووە 19مین پارێزگای عێراق.