خانەنشینیی دهۆک: لە 10ـی مانگەوە لیستی مووچەی مانگی ئایارمان بۆ وەزارەتی دارایی ناردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری خانەنشینیی پارێزگای دهۆک دەڵێت: "لە 10ـی ئەم مانگەوە لیستی مووچەی مانگی ئایارمان بۆ وەزارەتی دارایی ناردووە". سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دارایی دەڵێت: "هەوڵ دەدرێ تاوەکو پێنجشەممە تەرازووی پێداچوونەوە و داهاتی نانەوتی ئامادە دەکرێت."
 
ڕۆژی شەممە، 17ـی ئایاری 2025، ئاراز محەممەد شێخ مەمدوح، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پارێزگای دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێوستە مانگانە پێش 10ـی مانگ لیستی مووچەی بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ وەزارەتی دارایی ئامادە بکرێ. لە 10ـی ئەم مانگەیشەوە لیستی مووچەمان بۆ وەزارەت ناردووە".
 
وەک بەڕێوەبەری خانەنشینیی پارێزگای دهۆک دەڵێت، بۆ مانگی ئایار زیاتر لە 450 خانەنشین لە دهۆک مامەڵەیان تەواو بووە و ناویان خراوەتە لیستی مووچەوە و هەربۆیە چاوەڕوانییەکە بەو جۆرەیە مووچەی پێنج مانگ بەیەکەوە وەربگرن.
 
بە گوتەی ئاراز محەممەد، "ئێستا ئامادەکاری بۆ لیستی مووچەی مانگی حوزەیران دەکرێت و هەوڵ دەدرێت بۆ ئەو مانگە مامەڵەی هەموو خانەنشینان تەواو بکرێت."
 
هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بە رووداوی گوت: "هەوڵ دەدرێت تەرازووی پێداچوونەوە و داهاتی نانەوتی مانگی نیسان لە دووشەممەوە تاوەکو پێنجشەممە ئامادە بکرێت."
 
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "هەموو کارەکان بە خێرایی کراون. هەموو هەوڵێک دەدرێت پێش جەژن مووچەی مانگی ئایار دابەش بکرێت."
 
13-05-2025، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕی 959 ملیار و 514 ملیۆن دینار وەکو شایستەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق. هەر ئەو رۆژە لیستی مووچە بڵاوکرایەوە.